محەممەد کەمال: دادگای فیدراڵی، سكاڵاكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك یەكلا ناكاتەوە

 محەممەد کەمال: دادگای فیدراڵی، سكاڵاكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك یەكلا ناكاتەوە
لەمێژە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە دژی داگیركردنی كەركووك لەلایەن ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییەوە، لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر عەبادی تۆمار كردووە، بەڵام وەك سەرۆكی لیستی برایەتی دەڵێ، لەجیاتی ئەوەی وەڵامی سكاڵاكە بدرێتەوە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی ئەنجوومەن دەردەچێت.

پێنج مانگ لەمەوبەر، لەلایەن ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییەوە و بە بڕیاری حكوومەتی عێراق، لە ١٦ی ئۆكتۆبەر كەركووك داگیر كرا، دواتر ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە ھۆی پێشێلكردنی دەستوور و یاساوە بە فەرمی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، تۆمار كرد، بەڵام تاوەكو ئێستا دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی ئەو سكاڵایەوە نەداوە و دوێنێیش دادگای كەركووك لە رێگەی دادوەرێكی كورد بە ناوی سەباح مەجید، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەركرد.

محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر ئەوەی كەیسەكەی ئێمە بەھێزە و لەسەر حەقیشە، دادگای فیدراڵی تاوەكو ئێستا نەیخستووەتە بەرنامەی خۆی و پشتگوێی خستووە، لە كاتێكدا ھەر كەیسێك بچێتە دادگا پێویستە یەكلا بكرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بە یاسا تۆمەتمان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیران كردووە، بۆیە نایخەنە بەرنامەی خۆیانەوە و قسەی لەسەر ناكەن".

كەمال گوتیشی: "ئێمە واماندەزانی بە ھۆی ھەڵبژاردنەكانەوە ئەو سكاڵایەی ئێمەیان یەكلا نەكردووەتەوە، بەڵام ھەڵبژاردنیش تەواو بووە و ھیچ باسێكی نییە و رەنگە بكەوێتە دوای پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراقەوە".

سەبارەت بە بڕیاری دەستگیركردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش، محەممەد كەمال گوتی: "لەجیاتی یەكلاكردنەوەی سكاڵاكەی ئێمە، بڕیاری دەستگیركردن بۆ سەرۆكی ئەنجوومەن دەرچووە، بڕیاری دەستگیركردنەكەیش، بە هۆی ھەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانییەتی و پێش ئەوەی بڕیاری دادگایش بۆ دەستگیركردنی سەرۆكی ئەنجوومەن دەربچێت، داوای كردووە شوێنی دادگاكەی بگوازرێتەوە بۆ ھەولێر كە بەشێكە لە عێراق، لەبەر ئەوەی لەم بارودۆخەدا ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ كەركووك و بەپێی یاسای عێراقیش مافی خۆیەتی شوێنی دادگا بگوازێتەوە، بەڵام ئەوان پێش ئەو كارە، بڕیاری دەستگیركردنیان داوە".

لەبارەی بڕیارەكەیشەوە كە لە لایەن دادوەرێكی كوردەوە دەركراوە، گوتی: "حەیفە دادوەرێكی كورد وا خۆی پێشانی بەغدا بدات كە كەسێكی دڵسۆزە، لە كاتێكدا ئەو ھەڵەیەی كردووە و بڕیاری دەستگیركردنەكەی دروست نییە".

ئەو هەروەها دەشڵێ: "ئەو فەرمانە ئەوە نیشان دەدات كە لە كەركووك سەقامگیریی ئەمنی و یاسایی نییە، بۆیە ھەر یەكە و بۆ خۆی رایدەكێشێت و دۆخی كەركووكیش ئێستا سەربازییە و مەدەنی نییە".

سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، هاوكات پشتگیریی تەواوی لیستەكەیانی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕێبوار تاڵابانی ڕاگەیاند و، بە بڕیارێكی سیاسییش ناوزەدی كرد.
kdp -
Top