"خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکان ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان بن"

ئەگەرچی بڕیار بوو دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستوور بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، بەڵام بەرپرسێکی کۆمسیۆنی ڕاپرسی و ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم ئاشکرای کرد، بە ھۆی داگیرکارییەوە ناتوانن بەشداری بکەن.

سەعید مستۆ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداری بکەن، تا ئەوانیش بتوانن نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژێرن، ھەر ئەوەش وای کرد کۆمسیۆن فەرمانگەی خۆی لە پارێزگای نەینەوا بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە بە ھۆی داگیرکاری و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواترەوە، ئێستا دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کوردستانین و دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە ناتوانن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداری بکەن."

بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و تێیدا نوێنەری نوێ بۆ پەرلەمان دەستنیشان بکرێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆمسیۆن لە نەینەوا گوتی: "ھەموو ھەوڵێکی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، دوای نەمانی داگیرکاری و گرتنەوەی ئەو ناوچانە لە لایەن ھێزەکانی پێشمەرگە و گەڕانەوەی دانیشتوانەکەیان، بەشدارییان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ببێت، کە ناوچەکانی شنگال و دەشتی نەینەوا و مەخموور لەخۆ دەگرێت."

خیانەت و داگیرکاریی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ناوچە داگیرکراوەن گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکان و نەھێشتنی دەسەڵاتی کوردی لێکەوتەوە بۆیە سەعید مستۆ دەڵێ، "ئەرکی فەرمانگەی نەینەوا لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی داھاتوودا بەڕێوەبردنی دەنگدانی تایبەت دەبێت لە سنووری دەشتی نەینەوا لەو ناوچانەی پێشمەرگەی تێدایە، ھەروەھا ھاوکاریی فەرمانگەی پارێزگای دھۆک دەکەین لە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن و پاڵپشتیان دەبین بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە."
kdp -
Top