"پارتی واژۆی لەسەر ڕاپۆرتەکە نەکرد"
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له بواری مووچه و خانه‌نشینی ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی پاره بۆ خه‌زینه‌ی حكوومه‌ت بگه‌ڕێته‌وه و بتوانێ پاشه‌كه‌وتی مووچه نه‌هێڵێت و دادپه‌روه‌ریش له مووچه‌دا هه‌بێت .
له‌م باره‌یه‌وه، ڤه‌مان فه‌یسه‌ڵ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ گۆڕانكاریی زۆر له پڕۆژه‌یاسای چاكسازی كراوه به جۆرێك كه داهات بۆ حكوومه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه و ئامانجی حكوومه‌تی له‌و پڕۆژه‌یاسایه نه‌پێكاوه، چونكه مووچه‌ی خانه‌نشینان كراوه‌ته 400 هه‌زار دینار و ئه‌وانه‌ی پله تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نیان له 50 ساڵ زیاتر بێت و 15ساڵ خزمه‌تیان هه‌بێت ده‌توانن به60%ی مووچه‌کەیان خانه‌نشین بن، به پێچه‌وانه‌وه بە 40%ی مووچه خانه‌نشین ده‌كرێن، به‌ڵام ئێمه وه‌كو فراكسیۆنی زه‌رد دژی ئه‌وه بووین كه خانه‌نشینی پله تایبه‌ت بمینێت، بۆیه ئیمزامان له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه نه‌كردووه."
مه‌دینه شه‌رنخی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ڕاسته ڕاپۆرت ئاماده كراوه، به‌ڵام ئێمه ئیمزامان له‌سه‌ر نه‌كردووه و به ڕاپۆرتی ئاماده‌كراو هه‌ژمار ناكرێت، چونكه ئێمه ڕازی نین خانه‌نشینی پله‌تایبه‌تەكان هه‌بێت و پێویسته نه‌مینێت، هه‌ربۆیه سبه‌ی یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه، كه ئه‌و ڕاپۆرته قبووڵ ده‌كرێت، یان نا، چونكه زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و دارایی ئیمزایان نه‌كردووه و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیش نه‌كراوه."
شه‌رنخی گوتیشی: "خاڵێكی دیكه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆش ئه‌گه‌ر 15 ساڵ خزمه‌تیان هه‌بێت ده‌توانن خانه‌نشین بكرێن، هه‌موو ئه‌مانه‌ش هێشتا دیار نییه به چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت، چونكه دواجار له كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت و په‌سه‌ند ده‌كرێت."
kdp -
