فێستیڤاڵی ھەولێر بۆ داشکاندنی نرخەکان کرایەوە

فێستیڤاڵی ھەولێر بۆ داشکاندنی نرخەکان کرایەوە
بە بەشداری دەیان کۆمپانیا، فێستیڤاڵی (ھەولێر بۆ داشکاندنی نرخەکان)، لە ھۆڵی (شادی)ی ھەولێر کرایەوە.

لە 2/6/2018، لە ھۆڵی (شادی)ی ھەولێر، بە چاودێریی ژووری بارزگانی و پارێزگاری ھەولێر، ھەروەھا بە بەشداریی دەیان کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی، فێستیڤاڵی ھەولێر بۆ داشکاندنی نرخەکان کرایەوە.

داستان فازڵ، یەکێک لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بە چاودێریی ژووری بازرگانی و پارێزگاری ھەولێر، بۆ پێنجەم جارە فێستیڤاڵی لەو شێوەیە لە کوردستان دەکەینەوە، کە دوانیان لە سلێمانی و سیانیشیان لەھەولێر کراونەتەوە".

گوتیشی: "یەکەم ڕۆژ لە 17ی ڕەمەزان و کە دەکاتە ڕۆژی 2ی حوزەیران، فێستیڤاڵەکەمان کردەوە، تەنیا شەوانەش کراوەتەوە و بۆ ماوەی 10 شەو بەردەوام دەبێت، لەو فیستیڤاڵەدا زیاتر لە 70 کۆمپانیا و شوێنی بازرگانی بەشدارن، بەڵام بەھۆی ئەوەی سەرەتای بیرۆکەکەمان پێش کردنەوەی فڕۆکەخانەکان بوو، بۆیە زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی بەشدارن، ناوخۆیین لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیای ئێرانی و تورکی و فەڵەستینی و ئوردنی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن".

داستان فازڵ باسی لەوەش کرد، کە جگە لە خواردەمەنی و شیرینی، سەرجەم کەلوپەلی ناو ماڵ، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، جلوبەرگ، جوانکاری و پاکەرەوەکان لەو بازاڕەدا دەست دەکەون و جیاوازییەکی زۆر لە نرخەکانیاندا ھەیە لەگەڵ بازاڕەکانی دەرەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی بەشدارن، پێشتر لیستی مادەکان و نرخەکانیان لێوەرگیراون، بۆ ئەوەی ئێستاش بە ھەمان ئەو نرخە بیانفرۆشن، کە پێشتر قسەی لەسەر کراوە، "بۆیە ئەگەر نرخەکان کەمتر نەبن لە بازاڕەکانی دیکە، ئەوا لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیاکەدا دەکرێت".

سەبارەت بە پێشوازیی ھاووڵاتییان و سەردانیکردنیان بۆ ئەو فێستیڤاڵە، داستان فازڵ گوتی: "لە دوو ڕۆژی سەرەتادا، سەردانیکردنی ھاووڵاتییان کەم بوو، بەڵام ئێستا وای دەبینین لە ڕۆژانی داھاتوو بەڕێژەیەکی باش ھاووڵاتییان سەردانمان بکەن".

ڕوونیش کردەوە، کە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشێک لە کۆمپانیاکان ئۆفەرێکی تایبەتیان بۆ کەسوکاری شەھیدان ئامادە کردووە، ئەویش لەکاتی بازاڕکردنیاندا، داشکاندنێکی بەرچاویان بۆ دەکرێت، چەند کۆمپانیایەک تا ڕێژەی 50%یان بۆ کردوون، بەڵام بە مەرجێک بەڵگەنامەیەکی پێ بێت، کە کەسوکاری شەھیدە.



باسنیوز
Top