"ئەمەریکا بۆچی دێتە شنگال"
پێش دوو ڕۆژ سوپای ئەمەریکا و چەندین ڕاوێژکاریان بە پاسەوانیی فیرەقەکانی ١٥ و ٣٧ی سوپای عێراق هاتوونەتە شنگال. سەعد حەمۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەو هێزەی هاتووە ئێستا لە ناوچەکانی ئوج جرێس و جویخایفا دوو سەربازگەی داناوە، کە ئەو ناوچانە دەکەونە نێوان سنووری سووریا و قەزای بەعاجەی عێراق و، ئێستا خەریکی دروستکردنی خاڵەکانی نێوان سنووری سووریا و عێراقن."
کەمکردنی نفووزی وڵاتانی ئیقلیمی لە ناوچەکە
چاودێری سیاسی سەعدحەمۆ دەڵێ: "لە دانانی ئەو بنکانە دوو سێ مەبەستیان هەیە. یەکێک لە مەبەستەکانیان وەدەرنانی حەشدی شەعبیە و دوەمیشیان پاراستنی سنووری سووریا و عێراقە لە هاتنی داعش و کەمکردنەوەی نفووزی وڵاتانی ئقیلیمە لە شنگال و ناوچەکەش، چونکە شنگال لە ڕووی جیۆپۆلیتکەوە زۆر گرنگە بۆ تەواوبوونی هیلالی شیعی لە ڕووی زەمینییەوە."
سەرچاوەیەکی سەربازی عێراقیش کە نەویست ناوی ببرێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئامانجی ئەم هێزە ئەوەیە کە نفووزی وڵاتانی ئیقلیمی لە شنگال کەم بکات و ڕێگە نەدات بگەنە چیای شنگال، چونکە بەهێزبوونی ئەو وڵاتانە لە شنگال هەڕەشەیە بۆ سەریان." سەرچاوەکە گوتیشی: "بەشێکی ئەو هێزە ئەمەریکییە چوونەتە چیای شنگال لە لووتکەی چلمێرا و ئەو دیکەشی بە ڕاوێژکارەکانیانەوە چوونەتە نێوان سنووری سووریا و عێراق بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە."
ئامانجی هاتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ شنگال
شارەزایانی سیاسی هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە شنگال هەمیشە لە ئامانجی میلیشیا شیعەکاندایە بە بیانووی ئەوەی کە تیرۆر لە شنگال نەهێڵن، بەڵام هاتنیان بۆ چەند مەبەستێکە و، دەڵین، ئامانجیان فراوانکردنی پڕۆژەی خۆیان و سەپاندنی هێژمۆنیی خۆیانە لەسەر ڕۆژهەلاتی ناوین. چاودێران وا دەڵێن، هاتنی میلیشیاکان بۆ شنگال بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکە بۆ گواستنەوەی چەک و هێز بە کەمترین تێچوو و زیاترین ئاسایش بە بەراورد لەگەڵ گواستنەوەی ئاسمانی و ئاسانکردنەوەی کۆنتڕۆڵی وڵاتێکی هەرێمیی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و هەبوونی لە ڕووی مرۆیی و ئابوورییەوە لە نێو وڵاتاندا. شارەزایان دەڵێن، دروستکردنی میلیشیا لەو ناوچانەدا بۆ ئەوەی بڵێن دژی تیرۆر شەڕ دەکەن، دانوستاندن و خۆگونجاندن لەو وڵاتانەدا بۆ ئەوەی شەرعیەت بە میلیشیاکانیان بدەن، تیرۆر و شەڕ و تەقەمەنی بڵاو بکەنەوە بۆ ئەوەی ببێتە بیانوویەک بۆ مانەوە میلیشیاکان و دیموگرافیای ناوچە سوننەنشینەکانیش بگۆڕن و خۆیانی لێ جێگیر بکەن.
بەشێکی دیکەی چاودێرانیش دەڵێن هاتنی هێزەکە بۆ رێگریکردنە لە هیلالی شیعە، هیلالی شیعە زاراوەیەکی سیاسییە، پادشای ئوردن، شاعەبدوڵڵای دووەم، لە کاتی سەردانیدا بۆ ئەمەریکا ساڵی ٢٠٠٤ لە لێدوانیدا بۆ واشنتن پۆستی گوتبووی، دەترسێت لە حکوومەتی عێراقدا ئەوانەی لە ئیرانەوە پشتیوانی دەکرێن بگەنە دەسەڵات و دواتر ڕیگا بۆ ئێران خۆش بێت، بگەنە سووریا و لوبنان و هیلالێکی شیعە لە ناوچەکەدا دروست بکەن. ئەو هیلالەی ئێران مەبەستییەتی لە ئیرانەوە دەست پێ دەکات و لە عێراقەوە دەگاتە مووسڵ و سنووری باکووری سووریا و لەوێشەوە دەگاتە شاری لازقییەی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست و دەگاتە لوبنان.
لوتکەی چلمێرا
چیای شنگال ١٤٦٥م لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە، چیاکە دەکەوێتە نێوان سنووری سووریا و عێراق و لە نێوان پارێزگاکانی حەسەکە و مووسڵدایە و بەرزترین لووتکەی چیاکەش ناوچەی چلمیرایە. ساڵی ١٩٩١ حکوومەتی بەعس لەسەر لووتکەی چلمیراوە ٣٩ مووشەکی دوورمەودای بەرەو ئیسرایل هاویشتن، دواتر فڕۆکە ئیسرایلییەکان لە وەڵامیدا ناوچەی چلمیرایان بۆردومان کرد و چەندین خێزانی ئێزدی لەو ناوچەیە بەکوشتن دران.
سەرچاوەکە سەربازییەکە گوتیشی: "ئەو هێزە ئەمەریکاییەی هاتووە چووەتە سەر چیای شنگال و ئامانجیان ئەوەیە بگەنە سەر لوتکەی چلمیرا." چاودێری سیاسی، سەعد حەمۆش دەڵێ: "بوونی ئەو هێزەی لە ناوچەی سنووریی باشووری گرعزێری باشووری قەزای شنگالە، بە واتای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکەیە."
شنگال لە ڕووی جوگرافییەوە
شنگال ناوچەیەکی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە و لە ڕووی گارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای مووسڵە و ٨٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری ڕۆژئاوای شارەی مووسڵەوە دوورە و ناوچەیەکی سنووریی نێوان سووریا و عێراقە و دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٨٤ هەزار کەسە و پێکهاتەکانی زیاتر کوردانی ئێزدین و ئایین و پێکهاتەکانی دیکەشی تێدا هەیە، لەوانە تورکمان و موسڵمان و مەسیحی.
شنگال لە ڕووی سەربازییەوە
دوای ئەوەی ڕۆژی ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە لایەن تاقمێکی لایەنێکی سیاسیی کوردەوە کەرکووک ڕادەستی حەشدی شەعبی کرا ڕیگا بۆ ئەو هێزە خۆش کرا بێنە شنگال و ئێستا لە ڕووی سەربازییەوە شنگال لەدەستی حەشدی شەعبیدایە. ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت و زیاتر لە ٣٦ هەزار ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بە تایبەت بۆ پارێزگای دهۆک. داعش لەو هێرشەدا زیاتر لە ٦ هەزار کەسیان ڕفاند و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسیشیان کوشت.
kdp-
