عەرەفات کەرەم: ئێمە گومانمان لە هەموو ئەو دانیشتنانەی پەرلەمانى عێراق هەیە کە دەکرێن
عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیمهكراتى كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ”بۆ هەر دانیشتنێکی پەرلەمان دەبێ وردبینی بۆ ژمارهى یاسایی ئامادهبووان بکرێ، بەڵام ئێمە گومانمان لە هەموو ئەو دانیشتنانە هەیە کە دەکرێن، لەلایەکی دیکەوە ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستا لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەشدارن هەر بەدەنگی ئەوان، کۆمیسۆن پێکهێنرا“.
ئهو پهرلهمانتاره كورده، گوتیشی: ”لەکاتی ڕیفراندۆمدا ئێمە بایکۆتی پەرلەمانمان کرد، ئەو کاتە فەرمانی لەسێدارەدان بۆ چەند کەسێک دەرکرابوو کە یەکێکیان من بووم، لەگەل ئەوەشدا وەک پارتی داوامان کرد کە کۆمیسیۆنی پێشوو لەسەر کاری خۆی بمێنێت، بەڵام ئەوان سوور بوون لەسەر لابردنی سەرۆکی کۆمیسیۆن کە پارتی بوو، دواتر کەسێکی گۆڕانیان دانا، سەرەڕای ئەوەش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا پارتی وەک حزب لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەست هێنا“.
لەبارەی پرۆژە یاساکەی پەرلەمانی عێراق بۆ جیاكردنهوه و ژماردنى 10% دهنگهكانى ههڵبژاردنهكهى 12ى ئایار و ڕەتکردنەوەی دەنگەکانی دەرەوە، پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: ”ئامانج لە تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایە ئەوەیە، کە چەند کەسێک سهر بخرێن، بۆ نموونە سەلیم جبوری، بەڵام من دڵنیام ئەو بابەتە نە بە پەرلەمان، نە بە کۆمیسیۆن چارەسەر ناکرێ، بەڵکوو بە دادگای فیدراڵی چارەسەر دەکرێت و ئەبێ دادگا بڕیاری لەسەر بدات“.
باسنیوز
