سبەی پەرلەمانی كوردستان بۆ تاوتوێی پڕۆژە یاسای چاكسازی کۆ دەبێتەوە
ڤاڵا فەرید، سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند كۆبوونەوەكە كاتژمێر 11ی سەرلەبەیانیی سبەینێن دووشەممە دەبێت و تێیدا تاوتوێی پڕۆژە یاسای چاكسازی دەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە هەموو هەوڵێك دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی یاساكە لە پەرلەمانی كوردستانەوە تێپەڕێنرێت، "تێپەراندنی یاساكە لە بەرژەوەندیی هاوولاتیانی هەرێمی كوردستان دایە".
پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ، چەند فراكسیۆنێكی ناو پەرلەمان بە بیانووی بانگەشەی هەڵبژاردن رێگر بوون لە پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە و كۆبوونەوەكان بۆ دوای ئەو پرۆسەیە دوا خرابوون.
لە ماوەكانی رابردوودا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە، جەختی لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكە كردووبوەوە.
پێشتر رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو ئەگەر پرۆژە یاسای چاكسازی، وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی خەرجییەكی زۆری بەفێڕۆ چوو و دەستكاریكردن لە سیستەمی پاشكەوتی مووچە كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆراندا دەبێت.
باسنیوز
