مەناف حەسەن: بە ھۆی بڕیاری كۆمسیۆنەوە، پارتی دوو كورسیی لە دەست دا

 	 مەناف حەسەن: بە ھۆی بڕیاری كۆمسیۆنەوە، پارتی دوو كورسیی لە دەست دا
بەرپرسی ھەڵبژاردنەكانی پارتی لە مووسڵ دەڵێ، بە ھۆی بڕیارێكی كۆمسیۆنەوە بۆ ھەژمارنەكردنه‌وه‌ی دەنگی زیاتر لە ٢٠٠ وێستگەی ئاوارەكانی نەینەوا، پارتی دوو كورسیی لە دەست دا و دەشڵێ، "ھەر وێستگەیەكی دیكە رەت بكرێتەوە، ھەڵوێستمان دەبێت".

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە پێگەی خۆی ھەبووە لە مووسڵ و لە ھەموو ھەڵبژاردنەكانیشدا پارتی وەك حزبی یەكەمی عێراق و كوردستان توانیویەتی زۆرترین دەنگی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات، لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ١٢ی مانگی ٥ی رابردوویشدا، پارتی شەش كورسیی لە مووسڵ بە دەست ھێنا، بەڵام وەك بەرپرسانی پارتی روونی دەكەنەوە، دەنگە هەقیقییەكانی پارتی زۆر لەوەی ئێستا زیاترن.

مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بڕیاری كۆمسیۆن بۆ سووتاندنی ژمارەیەك وێستگەی دەنگدانی پارێزگاكانی عێراق، كە نازانرێت كام سندووقن كۆمسیۆن باسیان لێوە دەكات، بۆیە ڕوون نییە ھەژمارنەكردنی ئەو سندووقانە زیاتر چ ناوچەیەك دەگرێتەوە، ئەوەش وای كردووە بە دروستی نەزانرێت زیاتر دەنگەكانی كام كوتلەیە دەسووتێن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ھەر وێستگەیەك رەت بكرێتەوە، ئەوا زیانی بۆ ھەموو كۆتلەكانی ھەڵبژاردن دەبێت جا ھەریەكە و بە قەبارەی خۆی".

بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ گوتیشی، "لە پارێزگای دھۆك كۆمسیۆن دەنگی ٢٢٤ وێستگەی ھەژمار نەكردووە، كە ھەمووی دەنگدەری ئاوارەكانی مووسڵ و شنگالن و، بەو ھۆیەوە پارتی دوو كورسیی لە دەست داوە، چونكە دەنگی نێو سندووقەكان زیاتر كوردانی ئێزدی بوون و دەنگیان ھیی لیستی پارتییە، بەپێی وردەكاریی بەردەستی ئێمە پەنجاھەزار دەنگی پارتی سووتێندراون، ھەموویشی ھیی كەمپی ئاوارەكان بووە، ئێمەیش بە ستەمی دەزانن بە بێ ھۆكارێكی دیاریكراو ھەموو ئەو دەنگانە بسووتێن".

كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كردووە، دەنگی زیاتر لە ھەزار وێستگەی نێوخۆی عێراق و تاراوگە رەت كراونەتەوە و دووبارە گۆڕانكاری لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكاندا دەكرێت، وەك مەناف حەسەنیش گوتی، "تەنیا لە سنووری شارەدێی فایدە و دۆمیز، ١٥٠ ھەزار دەنگدەر ھەنە و زۆربەشی دەنگی بۆ لیستی پارتی داوە، دەنگی ئەو وێستگانە ھیی ئاوارەكانی شارەدێی شیمال و زوممار و ھەندێ ناوچەی خاپووركراون، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، بڕیاری كۆمسیۆن ئەو ١٥٠ دەنگدەرەی ئاوارە ناگرێتەوە".

دوو بەرە لە عێراق لە دوای كۆتاییھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروست بوونە، ئەو لایەنانەی دەنگی پێویستیان نەھێناوە، زۆرترین ھەول دەدەن بۆ ئەوەی دووبارە دەنگەكان بە دەست ھەژمار بكرێنەوە، بەرپرسەكەی پارتی لە مووسڵ دەڵێت، "ئەو پەرلەمانتارانەی عێراق كە دەرنەچوونە لە ھەڵبژاردانی ١٢ی ئایاری رابردوودا، گلەییان لە سنووری خۆیان ھەبوو، وەك پارێزگاكانی بەغدا و ئەنبار و دیالە، ھەروەھا گلەیی لە دەنگەكانی كەركووك و سلێمانی ھەبوو، ھیچ كەس و لایەنێك گلەیی لە دەنگەكانی مووسڵ نەبووە، بەڵام كۆمسیۆن ئەو بڕیارەی ھەژمارنەكردنی دەنگی ئەو پارێزگایەی دەركرد و پارتی دوو كورسیی لە دەست دا، لەبەر ئەوەش ئێستا ھەر وێستگەیەك رەت بكرێتەوە، ھەڵوێستی خۆمان دەبێت و سكاڵا تۆمار دەكەین".
kdp -
Top