فراكسیۆنی پارتی، جەخت لە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی دەكاتەوە
پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە، خانەنشینی و دەرماڵەكان لە 24 ماددە پێكهاتووە، بە پەسەندكردنی مانگانە نزیكەی 100 ملیار دینار بۆ حكوومەت دەگەڕێنێتەوە، بە دووبارە پەسەندكردنیشی لە پەرلەمان حكوومەت رایگەیاندووە، پاشەكەوتی مووچە نامێنێت.
مەدینە ئەییووب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی كردەوە، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان مكوڕە لەسەر ئەوەی ئەم حەفتەیە پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند بكرێت و دادپەروەری لە بواری مووچە و خانەنشینیدا دروست ببێت، "چونكە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە و گرینگییەكی زۆری هەیە، بەوەی كە ئەو كەسانەی دوو مووچەیان هەیە، ئەوە نامێنێت، هەتا هەندێك كەس هەن یەك رۆژ دەوامیان نەكردووە و خانەنشین كراون، ئەوەش وا دەكات كە مانگانە نزیكەی 100 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێتەوە، حكوومەتیش بەو بڕەپارەیە دەتوانێت پاشەكەوتی مووچە نەهێڵێت و مووچە بە تەواوەتی دابەش بكات، لەبەر ئەوەی چەندە زووتر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بكرێت، هێندە زووتر پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵدەگیرێت".
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی گوتیشی، تا ئێستا پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە كۆ نەبووەتەوە، لەبەر هەڵمەتی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دوای هەڵبژاردن دوا خرا.
جەختیشی كردەوە لەوەی، كە لەم حەفتەیەدا هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆ ببێتەوە ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بكرێت.
kdp -
