بابەكر زێباری، چوونی هێزی ئەمەریكا بۆ شنگال بە هەوڵ بۆ دروستكردنی ئیدارەی هاوبەش دەزانێ

 	 بابەكر زێباری، چوونی هێزی ئەمەریكا بۆ شنگال بە هەوڵ بۆ دروستكردنی ئیدارەی هاوبەش دەزانێ
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلەی هێزی پێشمەرگە دەڵێ، هاتنی هێزێكی ئەمەریكا بۆ شنگال، هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ ئەوەی ئیدارەی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەدا دروست بكرێت و گوتیشی، "ئەمەریكا مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبی و پەكەكەدا ناكات".

دوێنێ هێزێكی ئەمەریكا گەییشتە شنگال و شەوی رابردوویش هێزەكە چووەتە سەر چیای شنگال و هێزێكی سوپای عێراق یاوەریی ئەو هێزەی ئەمەریكای كردووە.
بە گوتەی سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال وەیس نایف، هاتنی ئەو هێزە بۆ شنگال جێی دڵخۆشیی خەڵكی شنگالە و ئەوان پێیان خۆشە، چونكە لە بەرژەوەندیی خەڵكی ناوچەكەدایە و رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە خەڵكی شنگال بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

هەر پێوەست بەم پرسە و بە گوێرەی زانیارییەكانی بابەكر زێباری، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلەی هێزی پێشمەرگە، هێزێكی ئەمەریكا و سوپای عێراق چوونەتە ئەو ناوچەیەوە تا سنووری نێوان سووریا و عێراق بپارێزن و هاوكاریی پۆلیسی سەر سنوور بكەن، وەك زێباری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "توانای هێزەكانی پۆلیس كەمە و دۆخەكەیش باش نییە و داعش هێشتا بوونی هەیە. ئەمەریكا كە هاتووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبی و پەكەكەدا ناكات، بۆیە هێزێكی سوپای عێراق لە گەڵ ئەوان هاتوون".

بابەكر زێباری، هاتنی ئەو هێزە بۆ شنگال بە هەنگاوێكی باش دەزانێ و، باوەڕی وایە كە ئەم هەنگاوە سەرەتایەك بێ بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەیش جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە و لەگەڵ سوپای عێراقدا ئیدارەی هاوبەش دروست بكەن.

زێباری گوتیشی، "خەڵكی شنگال بە هاتنی ئەو هێزەی ئەمەریكا ئومێدێكیان بۆ دروست بووە، بۆ ئەوەی بتوانن لە حەشدی شەعبی و پەكەكە رزگاریان ببێت، چونكە حەشدی شەعبی چەندین گرووپن لە ناوچەكە و مامەڵەی خراپ بەرانبەر خەڵكی ناوچەكە دەكەن، بۆیە پێیان خۆشە كە ئەو هێزەی ئەمەریكا چووە بۆ شنگال".

یەكێك لە هۆكارەكانی دیكەی چوونی ئەو هێزە بۆ سەر چیای شنگال، بە بڕوای زێباری ئەوەیە، كە كاتی خۆی رژێمی بەعس لەو چیایە مووشەكی ئاڕاستەی ئیسڕائیل دەكرد، ئێستایش مەترسییان هەیە لەوەی كە ئێران شانەی خۆی رەوانەی ئەوێ كردبێت، گوتیشی، "ناوچەی چل مێرا لە چیای شنگال زۆر هەستیارە، بۆیە ئەو ناوچانە لە دەست كێ بن، دەتوانێ كۆنتڕۆڵی ناوچەكە بكات، چوونی هێزەكانی ئەمەریكایش بۆ ئەو شوێنە، هەر ئەوە هۆكارەكەیەتی".

چیای شنگال ١٤٦٥م لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە، چیاكە دەكەوێتە نێوان سنووری سووریا و عێراقەوە و لە نێوان پارێزگاكانی حەسەكە و مووسڵدایە و بەرزترین لووتكەی چیاكەیش ناوچەی (چل مێرا)ـیە. لە ساڵی ١٩٩١ حكوومەتی بەعس لەسەر لووتكەی چل مێرا ٣٩ مووشەكی دوورمەودای ئاڕاستەی وڵاتی ئیسڕائیل كردن، دواتر فڕۆكە ئیسڕائیلییەكان لە وەڵامدا ناوچەی چل مێرایان بۆردوومان كرد و چەندین خێزانی ئێزدی لەو ناوچەیە بوونە قوربانی.
kdp -
Top