ئەمڕۆ ساڵڕۆژی گوللەبارانی 59 گەنجی مەهابادە
بە گوتەی چالاکوانانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەتای دەیەی 60ی هەتاوی (1980ی زایینی) کە حکوومەتی ئێران شەڕێکی لەدژی بزووتنەوەی کورد دەست پێکردبوو، هاوکات بەشێکی زۆر لە زانکۆکانی داخستبوو، لە زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵات گەنجان و لاوانی شۆڕشگێڕ دەستگیر کران و لە دادگایەکی چەند خولەکیدا حوکمی سێدارە، یان بەندکرانی درێژخایەنیان بۆ بڕایەوە.
لە شاری مەهابادیش کە ئەوکات وەک یەکێک لە پێگە بەهێزەکانی خەباتی سیاسی و چەکداریی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات دەهاتە ئەژمار، حەمیدڕەزا جەلاییپوور کە قایمقامی مەهاباد بوو، لەگەڵ سوپای پاسداران 59 گەنجی شۆڕشگێڕی ئەو شارەیان دەستگیر و پاشان لەسێدارەیان دان.
بەپێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ هەتا ئێستا و پاش 35 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە، زانیاریی ورد لەبارەی شوێنی ناشتن و چۆنیەتیی گوللەبارانکردنیان لەبەردەست نییە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤیش لەمبارەوە کەمتەرخەمییان کردووە.
بەشێک لەو گەنجانە ئەندام و لایەنگری پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بوون، بەڵام بەشێکیشیان بەبێ هیچ بەڵگە و تۆمەتێک دەستگیر کرابوون.
باسنيوز
