سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆن: کۆمسیۆن دەتوانێ پابەندی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران نەبێت
ڕۆژی چوارشەممە 30-5-2018 ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق خوێندنهوهی یهكهمی بۆ پڕۆژهیاسایەکی پێداچوونەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، بڕیاره شهممهی داهاتووش خوێندنهوهی دووهمی بۆ بكرێ، گەر بێت و بڕیارەکە سەربگرێت، دەبێت ئەنجامی گشت سندووقەکانی دەنگدان بە دەست ئەژمار بکرێنەوە، هاوکات سسەلیم جبووری لە میانەی لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، گەر بێت و کۆمسیۆن کار بە بڕیارەکەیان نەکات، ئەوا هەوڵی سەندنەوەی متمانەیان دەدات، هاوکات لێپرسینەوەش لە کەس و لایەنی کەمتەرخەم دەکەن.
سەربەرست ڕەشید ئامێدی، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی دەستوور ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە متمانە لە کۆمسیۆن بسەنێتەوە، بەڵام ئەویش ڕێکاری یاساییی خۆی هەیە، کە دەبێ ٥٠ ئەندام تەئیدی کەسێک بکەن کە داوایەک ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەو مەبەستە بکات، ئەوەش چەند دانیشتنێکی دەوێت".
ناوبراو ڕوونی دەکاتەوە: "ڕێگەی دیکەش هەن، وەک، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژراردنەکان، کە لە جیاتی ئەوەی کۆمسیۆن سەرپەرشتیی جیاکردنەوەی دەنگەکان بکات، دادگا ئەو کارە جێبەجێ بکات، کە لە ٩ دادوەر پێک بێت و لە هەر پارێزگایەکیش دادوەرێک وەک ئەندام تێیدا بەشدار بن، ئێستاش ئەنجومەنی نوێنەران کار بۆ ئەمەیان دەکات."
چاوەڕوان دەکرێت خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە بکرێت، کە بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران کۆ ببنەوە، وەکو ئامێدی هێمای بۆ کرد: "هەنگاوی تر دەمێنن، تا ئەو پڕۆژە ببێتە یاسا، کە دەبێ سەرۆککۆمار مسادەقەی لەسەر بکات، گەر هات و نەیکرد، ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێتەوە، پاشان لە ڕۆژنامە بڵاو دەکرێتەوە و دواتر دەبێتە یاسا و کۆمسیۆن ناتوانێت جێبەجێی نەکات."
ئەو بە سەرسووڕمانەوە هێمای بۆ ئەوەش کرد کە هێشتا کۆتا بڕیار کە لای دادگای باڵایە و نەدراوە، ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵی ئەو پڕۆژەیاسایە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە هەوڵی سەندنەوەی متمانە دەدات، پێی وایە، لەوەدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەلەی کردووە، بۆیە ناوبراو ئەو هەوڵەی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکەکەی بە جووڵەیەکی سیاسیی دەبینێت، نەک یاسایی، چونکە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەمی ئەنجامەکانیان دەدا، بۆیە هەر بڕیارێک لەم کاتەدا ئەنجومەنی نوێنەران بیدا، نادەستووری و نایاساییە، کۆمسیۆن دەتوانێت پێوەی پابەند نەبێت.
kdp-
