سەعدی پیرە: هەوڵ دەدەین پێش هەڵبژاردن کۆنگرەی یەکێتی ببەستین

 سەعدی پیرە: هەوڵ دەدەین پێش هەڵبژاردن کۆنگرەی یەکێتی ببەستین
گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باس لە بەستنی کۆنگرەی حزبەکەی دەکات و ئاشکرای دەکات کە ئەوان هەوڵ دەدەن، پێش هەڵبژاردنەکانی کوردستان، کۆنگرەی چوارەم ببەستن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، شەممەی داھاتوو، ئەنجومەنی سەکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ و بڕیار لەسەر چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە یەکێتی دەدات.

ڕوونیشی کردەوە کە لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی جددی لەبارەی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دەکەن، چونکە: ”ئێمە دەمێکە کۆنگرەمان نەبەستووە و ھەوڵی بەستنی کۆنگرە دەدەین، بێگومان یەکێتی کۆنگرە دەبەستێت، بەڵام کاتێک پرسی کۆنگرە دواخراوە، ھۆکارەکەی بۆ گۆڕانکارییەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە“.

لەبارەی لێدوانی ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە گوتبوویان حزبەکەیان لە جیاتی کۆنگرە، پلینیۆم دەبەستێ، سەعدی ئەحمەد پیرە ڕای گەیاند: ”یەکێتی ھەوڵی بەستنی کۆنگرە دەدات، نەوەکوو پلینیۆم، چونکە پلینیۆم بابەتی ئێمە نییە و قسەی چەند کەسێکە، بۆیە زیاتر ھەوڵی بەستنی کۆنگرە دەدەین“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەوان دەیانەوێ ”پێش ھەڵبژاردنەکانی کوردستان“، کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی ببەستن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر چەند سەرکردەیەکی یەکێتی لە کات و شوێنی جیاوازدا ڕایگەیاندبوو، یەکێتی لە جێگەی بەستنی کۆنگرە، پلینیۆم دەبەستێ.











باسنیوز
Top