لیژنەی یاسایی: دەستوەردانی سێ سەرۆكایەتییەكە لە كاروباری كۆمسیۆن، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە
پەرلەمانی عێراق، كۆبوونەوەیەكی ئەنجام داوە و تێیدا داوای كردووە دەنگەكانی دەرەوەی وڵات رەت بكرێنەوە و 10%ی دەنگی عێراقیش بە دەست هەژمار بكرێتەوە و ئەگەر 25%ی دەنگەكان جیاوازیی هەبوو، ئەو كات هەموو دەنگەكان پێویستە بە دەست هەژمار بكرێنەوە، سەرۆكایەتیی كۆماریش ئەو بڕیارە بە نایاسایی و دەستووری دەزانێت و داوای ڕوونكردنەوەی لە دادگای فیدراڵی كردووە و حكوومەتیش بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی لەو بارەیەوەیە داوە.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین سەعدوون، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە عێراق یاسا و دەستوور هەن و مەرجەعی هەڵبژاردنیش هەیە، كە ئەویش كۆمسیۆنە، بۆیە هەر گرفتێك لە هەڵبژاردن هەبێت، دەستەی دادوەری لە كۆمسیۆن هەیە كە لە سێ دادوەر پێك دێت و لە دادگای تەمییزن و دەتوانن ئەو گرفتە یەكلا بكەنەوە، بۆیە ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە دەكرێت، یاسایی نییە و ئەو بڕیارەی حكوومەتیش كە لیژنەیەكی دروست كردووە لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەویش نایاساییە، ئەمە جگە لەوەی بڕیارەكانی پەرلەمانیش لەو بارەیەوە، هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستوورییان نییە".
سەعدوون گوتیشی: "سەرۆكی پەرلەمان و هاوئاوازەكانی بەنیازن یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە، كە ئەوەش یاسایی نییە، چونكە پێویستە سەرەتا خوێندنەوەی بۆ بكرێت و دواتر دوو رۆژ لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئینجا چوار رۆژ بخرێتە دەنگدان و هەموار بكرێتەوە و دواتر بچێتە لای سەرۆككۆمار و ئەویش لە ماوەی 15 ڕۆژدا پەسەندی بكات و دواتر لە رۆژنامە بڵاو بكرێتەوە، ئەوكات دەبێتە یاسایی، بۆیە ئەو وادەیە هەمووی پێویستە و پەرلەمانیش یەك مانگی لە بەردەستە و ناتوانێ ئەو هەموو كارە بكات، لەبەر ئەمە، ئەوەی دەكرێت، فیڵێكردنە لە یاسا و دەستوور".
سەرۆكی لیژنەی یاسایی باسی لەوەش كرد، بەپێی یاسا ئەمڕۆ دواوادەیە بۆ وەرگرتنی سكاڵا لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە لە كۆمسیۆن و، پێویستە لە ماوەی 10رۆژدا كاری خۆی تەواو بكات و ئەنجامەكان رابگەیێنێت، هەروەها كۆمسیۆنیش ناوی دەرچووان رەوانەی دادگای فیدراڵی بكات و ئەوانیش ناكرێت قسەی لەسەر بكەن و تەنیا پەسەندی دەكەن و بۆیان نییە دەست لەكاروباری كۆمسیۆن وەربدەن، دواتر سەرۆككۆمار داوا لە پەرلەمان دەكات كۆ ببێتەوە و بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتیی كۆبوونەوە بكات، كە ئەمانە هەمووی رێكاری یاسایی و دەستوورین، بۆیە ئەو داواكارییەی سەرۆككۆماریش لە دادگای فیدراڵی هەڵەیە و ناكرێت ئەو داواكارییە بكرێت، چونكە لە كۆمسیۆن دەستەی دادوەری هەیە.
دەشڵێ: "ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان، دەستوور و یاسا چی بڵێت، پێیەوە پابەند دەبین، ئەوەی كە پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتیی كۆماریش دەیكەن، لە بەرژەوەندیی هیچ كەسێكدا نییە و رۆڵی عێراقیش لە دەرەوە كەم دەكاتەوە، پارتییش مەبەستەكەی ئەوەیە كە مافی كورد دابین بكرێت، ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، دۆخی ناوچەكان ئاسایی ببێتەوە و پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە".
ئەمە لە كاتێكدایە، ئەوانەی بەشداریی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەڵوەشێننەوە، هەموویان، بە سەرۆكی پەرلەمانیشەوە، لە هەڵبژاردندا شكستیان بردووە و دەرنەچوون.
باسنيوز
