سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

 	 سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات
سەرۆک بارزانی لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، پێوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەدوای هەڵبژاردن و دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكوومەت، جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرینگە بنەماكانی شەراكەتی ڕاستەقینە لە پڕۆسەی دروستبوونی بڕیار و تەوافوق لە دەستەڵاتی یاسادانان و تەوازون لە كەرتی ئابووری و ئەمنی و سەربازی و سیاسیی وڵات و هەروەها دانانی میكانیزمی كاریگەر بۆ گەرەنتیكردنی ئەو سێ بنەما سەرەكییە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ـی ٥ـی ٢٠١٨ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی كردووە و هەروەها لەپێناو سەقامگیریی ئەمنی و ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر داوای كرد كە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوپەیمانان بەردەوام بێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بیروڕا لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان و ئاسۆكانی پێكهێنانی حكوومەت و ڕۆڵی كاریگەری هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

پێیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەدوای هەڵبژاردن و دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكوومەت، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە بنەماكانی شەراكەتی ڕاستەقینە لە پڕۆسەی دروستبوونی بڕیار و تەوافوق لە دەستەڵاتی یاسادانان و تەوازون لە كەرتی ئابووری و ئەمنی و سەربازی و سیاسیی وڵات و هەروەها دانانی میكانیزمی كاریگەر بۆ گەرەنتیكردنی ئەو سێ بنەما سەرەكییە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا. هەروەها باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراقیش ئەوەی خستەڕوو كە وڵاتەكەی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی ئەوەیە كە دەستوور و دانوستاندن بنەمای پڕۆسەی سیاسیی بە جۆرێك كە سەقامگیریی ئەمنی و ئابووریشی لێ بكەوێتەوە.
kdp -
Top