نەتەوەیەکگرتووەکان: چاودێریی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکەین
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی لەبارەی ڕەوشی عێراقەوە لە کۆبوونەوەدایە، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، یان کۆبیش، لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە ڕەوشی عێراق کرد، کە ئێستا بە هۆی ئەنجامەکانەوە ئاڵۆزی دروست بووە.
یان کۆبیش دەڵێ: "هەڵبژاردن لە کەشێکی سەقامگیردا لە عێراق بەڕێوەچوو، گلەیی لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە، پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی بۆ هەڵوەشانەوەی کۆمسیۆن و دووبارە هەژمارکردنەوەی دەنگدان دەرکرد، بەڵام کۆمسیۆن ڕەتی کردەوە، لە کەرکووک عەرەب و تورکمان لە ئەنجامی هەڵبژارن ناڕازین، لە هەرێمی کوردستانیش هەندێ لایەنی سیاسی گلەییان هەیە، ئیدی لە هەندێ شوێنی دیکەی عێراقیش هەمان شت هەیە."
یان کۆبیش لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق کرد و گوتی: "پارتی و یەکێتی ئامادەییان نیشان داوە بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا بکەن."
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، یان کۆبیش ڕایگەیاند، ئەوان چاودێریی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕاوێژکاریی بە هەرێم دەدەن، کە چی بکەن و یارمەتیدەر دەبن.
kdp -
