ئاسۆ مامەند: گۆڕان چووەتە پاڵ عەرەبی شۆڤێنی و تورکمانی توندڕەو

 ئاسۆ مامەند: گۆڕان چووەتە پاڵ عەرەبی شۆڤێنی و تورکمانی توندڕەو
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕانی بە چوونە پاڵ “عەرەبی شۆڤێنی و تورکمانی توندڕەو” تۆمەتبار کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەنگەکانی گۆڕان “هێندەی دیکە کەم دەکات”.

ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی ڕايگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان بەھۆی شاردنەوەی شکستەکانی خۆیەوە لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا تانە و تەشەر لە یەکێتی دەدات، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەگەر بەیانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بزووتنەوەی گۆڕان وەکو لایەنێکی سیاسی، ھێندەی دیکە دەنگی کەم دەکات.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان داوایان کردووە، ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، یەکڕیزیی ماڵی کورد بپارێزن، بەڵام “بزووتنەوەی گۆڕان، لەبری ئەوەی پیرۆزبایی لە لایەنی براوەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک بکات، چوونەتە پاڵ ھەندێک لایەنی دەرنەچووی ھەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق، بەتایبەتی عەرەبی شۆڤێنی و تورکمانی توندڕەو”. ئەوەشی نەشاردەوە کە گۆڕان لە هەموو شوێنێک ئەوەی بکردایە، نەدەبووایە لە کەرکووک ئەم کارە بکات.

بە گوتەی ئاسۆ مامەند، بێویژدانییەکی گەورەیە گۆڕان موزایەدە بەسەر یەکێتیدا بکات، لەکاتێکدا “ژمارەیەکی زۆر لایەنگری گۆڕان لە کەرکووک پەیوەندییان پێوە کردووین، بەڵێنی ئەوەیان داوە کە دەنگ بە لیستی یەکێتی بدەن، بێگومان ئامانجی لایەنگرەکانی گۆڕان ئەوە بووە کە دەنگی کورد لەو ناوچانە کەم نەکات، بۆ ئەوەی کورد لە کەرکووک پێگەی لەواز نەبێ و کەرکووک بە شاری کورد بمێنیتەوە”.

هاوکات هیوای خواست، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. گوتیشی: “بێگومان ئەوکاتە ھەموومان دەزانین کە بزووتنەوەی گۆڕان دەنگەکانی چەندە کەمی کردووە، دواجار یەکێتی حزبێکە ھیچ کات بەھۆی دژایەتیی گۆڕان و لایەنەکانی دیکەوە ناڕوخێت”.








باسنيوز
Top