لە هەولێر سێ شوێن بەهۆی پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکانی تەندروستی داخران
ئەمڕۆ چوارشەممە 30\5\2018، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، لە راگەیاندراوێکدا لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاوی کردووەتەوە، کە لە ڕێککەوتی 29/5/2018، لێژنەی پشکنین و چاودێری بازاڕ، بە سەرپەرشتیی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر و سەرۆکی لێژنە بەدواداچوون بۆ 14 چێشتخانە، کافتریا، خواردنگە، شیرنەمەنی و نانەواخانە لەسەنتەری شاری هەولێر لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان ئەنجام درا.
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، لەو راگەیاندراوەدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە مەبەست لەم سەردانانەی لێژنەی پشکنین بەدواداچوونە بۆ دلنیابوون لەهەبوونی ڕێنماییەکان و هەبوونی مۆلەت و کارتی تەندروستی، ئەو شوێنانەی پێچەوانەی ڕێنماییەکانی تەندروستی، ڤێتێرنەری و چاودێری بازرگانی بن کاردانەوەی یاساییان بەرامبەر دەکرێت.
ئاشکراشی کردووە، کە بەهۆی نەبوونی مۆلەتی تەندروستی و سەرپێچی ڕێنماییەکانی تەندروستی. ساردەمەنییەک و دوو شیرنەمەنی داخران.
باسنيوز
