پەرلەمانتارێکی پارتی لێدوانی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی بەدرۆ دەخاتەوە

 پەرلەمانتارێکی پارتی لێدوانی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی بەدرۆ دەخاتەوە
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، زانیارییەکانی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بەدرۆ دەخاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردن لە پارێزگاکانی ھەرێمی کورستان ھیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە.

نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی ئەنجومەنی نیۆنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق تەنیا بڕیار لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات، ئاوارەکانی ئەنبار، سەلاحەدین و نەینەوا و دیالە، جگە لە کەمینەکان دراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕگەی دووەمی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق ھەژمارکردنەوەی ١٠%ی سندووقەکانە بەدەست لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کە ئەگەر دەرکەوت، ئەنجامەکە بە ڕێژەی ٢٥% جیاوازی لە ئەنجامی دەنگدانی ئەلیکترۆنی ھەبوو، ئەوکاتە بڕیار لەسەر ژماردنی دەستی لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدرێت".

ئەو پەرلەمانتارە روونیشی کردەوە: "بەپێی مادەی ١٠٢ی دەستوور، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە عێراق ملکەچە بۆ چاودێریی پەرلەمان و بڕیارەکانی پەرلەمان بۆ سەرجەم دەستەکان، لەناویشیاندا کۆمسیۆن، بڕیاری پابەندین (مولزەمن)".

مێرگەسۆری ئەوەشی ئاشکرا کرد: "ھێشتنەوەی دانیشتنەکان بە کراوەیی لەلایەن پەرلەمانەوە، بۆ بانگھێشتکردنی ئەندامانی کۆمسیۆن و وەرگرتنەوەی متمانەیە لێیان، بۆیە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان پێویستی بە ڕێژەی یاسایی نییە، چونکە دانیشتنەکە بە کراوەیی ھێڵراوەتەوە، ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا کۆمسیۆن وەڵامی بڕیارەکانی پەرلەمان نەداتەوە، بانگی ئەندامانی کۆمسیۆن دەکرێت و رێکاری پرسیار و وەڵام و سەندنەوەی متمانە دەگیرێتەبەر".

ئەم قسانەی نەدا مێرگەسۆری لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 28/5/2018، ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی ڕای گەیاندبوو کە یەکێک لە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک.










باسنیوز
Top