چەند زانیارییەك لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی هەزاران پێشمەرگەوە

 چەند زانیارییەك لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی هەزاران پێشمەرگەوە
بەرپرسێك ئاشكرای دەكات، تاوەكوو پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوو، ساڵانە سەدان و بگرە هەزاران پێشمەرگە پلەكانیان بەرز دەكرایەوە، بەڵام ئێستا كێشەی تێ كەوتووە.



د. غازی دزەیی، بەڕێوەبەری گشتیی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان راگەیاند: دوای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ئێستا پلە بەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی پێ دەكرێت و پەیوەندیی بە ئێمەوە نەماوە”.



بەپێی یاسای هەمواركراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم مەرسوومی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگەی دەردەكرد، بەڵام ئەو دەسەڵاتە ئێستا دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران.



دزەیی روونی كردەوە، ئەوەی پەیوەندیی بە پلەبەرزكردنەوەی پێشمەرگەوە هەبێت، هەموویان جێبەجێ كردووە و هیچیان لا نەماوە، گوتیشی: “ئەوەی بۆی نەكرابێت كێشەكە لای ئێمە نەبووە، چونكە كێشەكە لای وەزارەتی پێشمەرگە بووە، ئەوان لیستەكانیان رەوانە نەكردووە، تەنانەت پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2016شیان نەناردبوو”.



ئاشكراشی كرد، لە ساڵی 2015دا پلەی هەزار و 328 پێشمەرگە و ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە بەرز كرایەوە و مەرسوومیان بۆ دەركرا.



لە ساڵی 2015 بۆ ئێستا پێویست بوو 5 لیستی تری پلەبەرزكردنەوەی پێشمەرگە دەرچووبوایە، كە دەكاتە هەزاران پێشمەرگە.



بەپێی یاسا، دەبێ لە وەزارەتی پێشمەرگە ساڵانە دوو لیستی پلەبەرزكردنەوە دروست بكرێ، یەكێكیان لە نەورۆز و ئەوەی تریشیان لە 11ی ئەیلوول.



غازی دزەیی جەختی كردەوە، هەر پێشمەرگەیەك گلەیی هەبێت ئەوە با گلەییەكە رووبەڕووی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجومەنی وەزیران بكاتەوە.



(باس) پەیوەندیی بە بەرپرسانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كرد بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن.



بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە بەگوێرەی پلەكانیان لەنێوان 3 ساڵ بۆ 4 ساڵ، تا دەگاتە 6 ساڵ جارێك، بەگوێرەی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە 38ی ساڵی 2007، مولازم و مولازمی یەك سێ ساڵ جارێك، نەقیب تا عەمید چوار ساڵ جارێك، لیوا تا فەریق شەش ساڵ جارێك پلەیان بەرز دەكرێتەوە.



دلێر ماوەتی، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند: “لە مانگی 9ی ساڵی رابردوودا بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە راگیراوە، بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەندیی بە دۆخی دارایی و مووچەوە هەیە”.



روونیشی كردەوە، لە ساڵی رابردوودا هەندێك پێشمەرگە تووڕە بوون، بەهۆی ئەوەی مەرسوومی پلە بەرزكردنەوەیان هەبوو، بەڵام پلەكانیان بۆ نەبەستوون، گوتیشی: “چەند جارێك ئەو بابەتەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پێشمەرگە باس كردووە، بەڵام رایانگرتووە”.



فەریق جەمال ئیمینكی، سوپاسالاری پێشمەرگە بە (باس)ی راگەیاند بۆ پلەبەرزكردنەوەی قانوونیی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ قانوونی وەزارەتی ناوخۆ جیاوازە، گوتی: “كێشەی زۆریی میلاك هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستاش پێشمەرگەیەك میلاكی هەبێت و كێشەی نەبێت پلەبەرزكردنەوەی بۆ دەكرێت و بەیەكجاری رانەگیراوە".






باسنیوز
Top