بەرپرسێکی پارتی: یەکێتی شکستی خۆی لە نەینەوا پێ قەبوڵ ناکرێ
پاش ئەوەی بەرپرسانی یەکێتی لە سنووری نەینەوا، بە شێوەی جۆراوجۆر پارتی دیموکراتی کوردستانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بوونەتە هۆی لەدەستدانی کورسییەکی یەکێتی. عیسمەت ڕەجەب، بەرپرسی لقی مووسڵی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو تۆمەتانە ھیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە، چونکە ئێمە نە لە سنوورەکەدا بووین و نە بارەگامان لە دەشتی نەینەوا و مووسڵ ھەبووە، تەنانەت ڕێگەمان پێ نەدرا کە بانگەشەی ھەڵبژاردنیش بکەین، سەرەڕای ئەوانەش فشارێکی زۆری حەشدی شەعبیمان لەسەر بوو".
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی ھەم لە مووسڵ و ھەم لە دەشتی نەینەوا، بارەگایان ھەبووە و بە ئازادی ھاتوون و چوون، لەگەڵ ئەوەشدا لە ھەموو بنکەکانی دەنگدان چاودێریان ھەبووە و ”ئەو فشارەی لەسەر ئێمەش ھەبوو، لەسەر ئەوان نەبووە، بەڵام ئەوان ناتوانن دان بە شکستی خۆیاندا بنێن و تۆمەتی دوور لە ڕاستی دەخەنە پاڵ پارتی".
بە بڕوای عیسمەت ڕەجەب، هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی پارتی لە نەینەوا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتی جەخت لەسەر پێکەوەژیان لەو ناوچانە دەکاتەوە.
payam-
