هاوژین مەلائەمین: بۆ بەردەوامیی نائارامی لە عێراق، یاری بە داعش دەكەن

 	 هاوژین مەلائەمین: بۆ بەردەوامیی نائارامی لە عێراق، یاری بە داعش دەكەن
وێڕای راگەیاندنی كۆتاییهێنانیانی لە لایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە، رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بە جموجۆڵ كردووەتەوە؛ مامۆستایەكی زانكۆیش بۆ بوونی دەستی وڵاتە هەرێمایەتییەكان و ناڕەزایەتییەكانی سوننە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی دەگێڕێتەوە.

مانگی شەشی ٢٠١٤، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە هێرشێكیاندا بۆ سەر شاری مووسڵ، توانییان بە بێ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە عێراقییەكان، ئەو شارە داگیر بكەن و دەست بەسەر چەندین جۆر چەكی پێشكەوتووی هێزەكانی ئەو شارەدا بگرن، دوای كۆتاییپێهێنانیان، وردە وردە لە هەندێ ناوچەی عێراق جموجۆڵیان هەیە و هێرش دەكەنە سەر هێزە عێراقییەكان، مامۆستایەكی زانكۆیش هۆكارەكەی بۆ ناڕەزایەتییەكانی سوننە لە دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق دەگێڕێتەوە، هاوكات هێمایش بۆ هۆكارە دەرەكییەكان دەكات و پێی وایە، هەریەكە لە ئێران و توركیا دەستیان تێیدا هەیە، ئەویش بە مەبەستی دوورخستنەوەی ئەجێندای وڵاتە زلهێزەكان لە خۆیان و سەرقاڵكردنیان بەو هێزە لە عێراقدا.

هاوژین مەلائەمین، مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "ئەو ناڕەزایەتییەی لەناو هێزە سوننییەكاندا هەیە دەربارەی دەرنجامی هەڵبژرادنی ئەمجارەی عێراق، داعش دەتوانێت بیقۆزێتەوە، ئاڕاستەیەكیش هەیە كە ئەو رێكخراوە بێتەوە ناو عێراق و دەست بە چالاكیی خۆیان بكەنەوە".

داعش دووبارە دێتەوە

دابەشبوونی تایفی لە عێراقدا، بووەتە هۆی ناسەقامگیریی ئەم وڵاتە و هەر جارەی لە ژێر ناوێكدا هێزی تیرۆریستی دروست دەبن، كە وا دەكات لە رووی ئاساییشەوە نائارام بێت، لەو نێوەندەیشدا هێزە هەرێمایەتییەكان دەستیان كورت نییە لە دروستكردنی ئەو نائارامییەی لەم وڵاتەدا هەیە، وەك مامۆستا هاوژین ئاماژەی بۆ كرد، خەریكە بە ئاشكرا دەرەكەوێت، كە یاری بە داعش دەكەن و مەبەستیانە ئەو نائارامییە بەردەوام بێت.

هاوژین مەلائەمین كە شارەزایی لە گرووپە ئیسلامییە توندڕۆكاندا هەیە، هۆكاری ویستی بەردەوامی نائارامیی عێراقی لە لایەن وڵاتە هەرێمایەتییەكانەوە بە تایبەت ئێران و توركیای بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كەوا ئەگەر عێراق و سووریا ئارامی بە خۆیانەوە ببینن، چەند دەوڵەتێكی دراوسێ رووبەڕووی كێشە دەبنەوە، هەر بۆیە توركیا و ئێران لەو بارودۆخە سوودمەندن، تەمەنی زۆریشیان درێژ دەبێتەوە، ئەوەیش لە پێناو بردنەدەرەوەی ناكۆكیی ناوخۆی خۆیان بۆ ناو عێراق.

بەرنامە سەرەكییەكانی عێراق پەك دەخات

شارەزاكەی گرووپە ئیسلامییە توندڕۆكان، هۆكارە نێوخۆیی و دەرەكییەكان و نیشانەكانی دەركەوتنەوەی ئەو هێزە تیرۆریستە، بە بووژانەوە و هاتنەوەی داعش بە ئاڕاستەی عێراق دەزانێت، بەڵام باوەڕی وایە هەرگیز ئەو هێزە وەك ساڵی ٢٠١٤ ناتوانێت دەست بە سەر بەشێكی زۆری خاكی عێراقدا بگرێت.

مەلائەمین پێشبینییشی كرد، كە داعش دەبێتەوە هۆی نائارامیی عێراق، هاوكات تەراتێنكردنی هێزی نوێ لە وڵاتدا، وا دەكات بەرنامە سەرەكییەكانی عێراق وەلا بنرێن و هێزە ئەمنی و سەربازییەكان ئەولەوییەت وەربگرن، گوتیشی: "بۆی هەیە ببێتە هۆی دواكەوتنی دامەزراندنی حكوومەتی نوێی عێراق، هەندێ ئەجێندایش هەن كە كێشەی وڵاتانی چواردەورن، وەك ئێران، كە بە لای ئەمەریكاوە كێشەیەكی سەرەكییە، مەسەلەی كورد لە توركیا، بوونی داعش لە عێراقدا، وا دەكات چاوی ئەمەریكا لەسەر ئەو دوو وڵاتە دوور بخاتەوە، چونكە ئەو ئیرادە هەرێمایەتییە دەیانەوێت كێشەكانی خۆیان رەوانەی ناو عێراق بكەن".

لە دوای دروستبوونی داعش لە عێراق و سووریا و پەڕینەوەی مەترسییەكانی تیرۆر بۆ ئەمەریكا و هەندێ وڵاتانی ئەورووپا، هاوپەیمانێتیی دژی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لە ٦٩ وڵات پێك هات و ئەمەریكایش رابەرایەتیی دەكرد، كە تا ئێستایش ماوە.

هاوژین مەلائەمین ئاماژەی بەو ئیرادە هەرێمایەتییەیش كرد، كە دەیانەوێت نائارامییەكانی عێراق بەردوام بن، تا ئەو هاوپەیمانێتییە و وڵاتانی زلهێز چاویان لەسەر ئەو وڵاتانەی تر نەمێنێت و بەردەوام چاویان لەسەر ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بێت، گوتیشی: "بەردەوامبوونی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لە عێراق، وا دەكات كۆمەڵێ بەرنامەی هاوپەیمانان بۆ ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوا بخات و زیاتر سەرقاڵی عێراق بن".

حكوومەتێكی بەهێز دروست نابێت

كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە دەبوو بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور یەكلا كرابووایەتەوە، بە لای سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانەوە، ئەو ناوچانەن كە بوونەتە كێشەی سەرەكی و قووڵی نێوان حكوومەتەكانی هەولێر و بەغدا، لە پاش ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر كە بە خیانەتی گرووپێكی نێو لایەنێك دەناسرێتەوە و، پێشمەرگەی ناچار بە پاشەكشە كرد، بۆیە جموجۆڵی داعش تێیاندا لە زیادبوونە.

سەرباری ململانێی هێزەكانی عێراق بە هەر سێ پێكهاتەكەیەوە و لە سەروویشیانەوە لایەنە شیعەكان، كە باڵادەستن، وای كردووە لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعسیشەوە حكوومەتێكی بەهێز دروست نەبێت، ئێستایش دروستبوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشی تێیدا و جموجۆڵەكانیان، هاوژین مەلائەمین دەخاتە سەر ئەو باوەڕەی كە، حكوومەتێكی بەهێز دروست نەبێتەوە.

ئەو دەڵێ: "بۆشایی ئەمنی و ململانێی نێوان پێكهاتە عێراقییەكان لە پاڵ دەستە دەرەكییەكان، هاوكارە بۆ بووژانەوەی داعش لە عێراق و دروستبوونی حكوومەتێكی لاواز".

كۆتاییی داعش!

ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ، رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداریی ھەر یەك لە ھێزەكانی پێشمەرگە و عێراقی دەستی پێكرد و لە سەرەتادا ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی دەروبەری مووسڵ بە تایبەتی باكوور و رۆژھەڵاتی شارەكەیان ڕزگار كرد و رێگەی چوونەناوەوەی ھێزەكانی عێراقیان بۆ ناو مووسڵ كردەوە.

پاش ئەم ئۆپەڕاسیۆنە و هەروەها رزگاركردنەوەی حەویجە، رۆژی 10/12/2017، عەبادی سەركەوتنی یەكجارەكی و رزگاركردنەوەی هەموو عێراقی لە داعش، راگەیاند.

بەڵام، بە گوێرەی زانیارییە هەوالگرییەكان و زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەكان كە لە بۆنەی جیادا لێدوانیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان داوە، چالاكیی ناوناوەی داعش كە پەیامەكەی گوزارشتە لە مانەوەیان، لە ناوچەی حەمرین و دەوروبەری جەلەولا و چەند گوندێكی سنووری پارێزگای دیالە، كەركووك و سەڵاحەددین، نزیكەی ١٠٠٠ چەكداری داعش خۆیان ڕێك خستووەتەوە و بوونیان هەیە.

دوای راگەیاندنی كۆتاییپێهێنان بە داعش لە عێراق، چەكدارانی داعش لە حەویجە، مووسڵ، ئەنبار و بەغدا، چەندین كردەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە.

لەو ناوچانەدا، بە ڕۆژ هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی‌شەعبی هەن و، شەوانیش داعش و تا بواریشیان هەبێ، مین لە سەر ڕێگا سەرەكییەكانی نێوان ئەو سێ پارێزگایە دەچێنن.
kdp -
Top