سبەی، پارتی لە كۆمسیۆن خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار دەكات

 	 سبەی، پارتی لە كۆمسیۆن خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار دەكات
بەرپرسێكی دەزگا‌ی هەڵبژاردنی پارتی گوتی، سبەینێ، پارتی وەك قەوارەیەكی سیاسی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، خۆی تۆمار دەكات و دەشڵێ، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا، زیاتر لە سەدهەزار دەنگی پارتی لە مووسڵ هەژمار نەكراون و لە نەتەوە یەكگرتووەكان و دادگای باڵای ئیتیحادی سكاڵامان تۆمار كردووە.


دوای دەرچوونی مەرسوومی فەرمی لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، بڕیار درا رۆژی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و لە دوێنێ یەكشەممەیشەوە‌ كۆمسیۆن ئامادەكاری بۆ تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان دەكات.

هاوار محەممەد، بەرپرسی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دەرگای خۆتۆماركردنی بۆ قەوارە سیاسییەكان كردەوە، ئێمەیش وەك پارتی فۆڕمی خۆ ۆماركردنمان لە كۆمسیۆن وەرگرتووە و بڕیارە سبەی سێشەممە وەك قەوارەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان خۆمان لە كۆمسیۆن تۆمار بكەین، ئەمەیش پێویستی بە هەندێ رێكاری یاسایی هەیە بۆ هەر قەوارەیەكی سیاسی كە دەیەوێ خۆی تۆمار بكات و سەرقاڵی خۆئامادەكردنین، داتا و بەڵگەنامەی پێویستیش حازر دەكەین و خۆمان تۆمار دەكەین".

ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێ: "ئێمە وەك دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە چەند رۆژی داهاتوویشدا لەگەڵ ئۆرگانەكانمان لە لق و شوێنەكانی دیكە زیاتر چالاك دەبین بۆ ئەوەی پلانی پارتی جێبەجێ بكرێت".

پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا، ژمارەیەكی بەرچاو كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا و سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەكی زۆری دەنگی دەنگدەرانی پارتی لە سنووری نەینەوا و شنگال هەژمار نەكراون، بەو هۆیەیشەوە كوردانی ئێزدی بێبەش بوون لە نوێنەریان بۆ پەرلەمانی عێراق و چەند كورسیەكی پارتییش لە مووسڵ فەوتان.

لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای نەینەوا و پەیوەست بە دەنگە فەوتاوەكانی كوردانی ئێزدی و پارتی بە گشتی، هاوار محەممەد روونی كردەوە: "بەداخەوە بابەتی فەوتانی دەنگی پارتی لە نەینەوا و كەمپەكانی ئاوارەكان، زیاتر وەك بابەتێكی سیاسییە كە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ دەنگەكانی پارتی كراوە لەو سنوورانە، مەبەست لەو پیلانەیش لێدانی گورزێك بوو لە پارتی، بەداخەوە تەنیا لە سنووری نەینەوا 100 هەزار دەنگی پارتی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە هەژمار نەكراون، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی ئەنجامی نێو ئامێرەكان رەوانەی كۆمسیۆن نەكراوە و هەندێكی دیكەش رێگریكردن بووە لە دەنگدەرانی پارتی، بە تایبەت لەو كەمپانەی دەنگدانی مەرجداریان تێدا بوو، ئەنجامی ئەو دەنگانە رەوانەی سەنتەری هەژماركردنی دەنگەكان نەكراون".

دوای ئاشكرابوونی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە سلێمانی و هەڵەبجە و مووسڵ و شنگال دەنگێكی ئێكجار زۆری پارتی هەژمار نەكراون و رێگری لە دەنگدەرانی پارتی كراوە، بە شێوەیەك لە هەندێ ناوچە كادیر و نوێنەرانی پارتی رووبەڕووی لێدان و ئەشكەنجەدانیش بوونەتەوە.

بەرپرسی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە هەموو رێكارێكی یاساییمان گرتووەتە بەر و لە دادگای ئیتحیادی سكاڵامان تۆمار كردووە، هەروەها لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ئۆفیسی نیشتیمانیی كۆمسیۆن لە بەغدا، سكاڵامان تۆمار كردووە، هەتا لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش سكاڵامان بەرز كردووەتەوە و بە شێوەیەكی گشتی هەشتا سكاڵامان تۆمار كردووە".

بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق چوارەم و هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم و 26 كورسی بەدەست هێناوە.
kdp -
Top