رێباز حه‌ملان: به په‌سندكردنی پروژەیاسای چاكسازى ده‌ستكاریی پاشه‌كه‌وتى مووچه ده‌كرێت
وه‌زیری دارایی و ئابووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێم گوتی: "ئێمه له حکوومەتى هه‌رێم ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان به پێى یاساى ژماره ٩ی ساڵى ٢٠١٤ بۆ په‌رله‌مان نارد، به جۆرێك كه ئه‌و كه‌سانه‌ى خزمه‌تى وه‌زیفیان له پانزه ساڵ كه‌متر بێت و ته‌مه‌نیان له په‌نجا ساڵ كه‌متر بێت خانەنشین نه‌كرێن. ئه‌و مادده‌یه دادپه‌روه‌رییه‌كی زۆر باشى تێدابوو. ئێستاش داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پرۆژه‌یاسایه په‌سند و كارى پێ بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ى زیاد له مووچه‌یه‌كیان هه‌یه و به پێێ یاسا ڕێك نه‌خراون، ڕێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت."
هه‌روه‌ها گوتی، "له ناو پرۆژەیاساى چاكسازیدا باس له مووچه، ده‌رماڵه، به‌خشین و ئمتیازاته‌كانى دیكه كراوه. هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ئه‌ژمارێكى بانكى بۆ ده‌كرێته‌وه و ئه‌و ئیلتزاماته ماددیه‌ى هه‌یەتی بۆى ده‌خرێته سه‌ر ئه‌ژماره بانكییه‌كه‌ی، كه ده‌كرێت بۆ زۆر بواری دیكه‌ش به‌كار بهێنرێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندیى نێوان حکوومەت و مووچه‌خۆران."
له‌باره‌ی بڕیاری ڕاگرتنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چۆنییه‌تیی گه‌ڕاندنه‌وه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئەو فه‌رمانبه‌رانەی كه به‌ر ئه‌و ڕێنماییه كه‌وتوون، ڕێباز حه‌ملان گوتی: "پاڵپشت به بڕیارى ئەنجومه‌نى وه‌زیران ژماره ٥٦ی ٢١/١٢/٢٠١٥، له‌سه‌ر بنه‌ماكانى ئه‌حكامى بڕگه (١/أ)ی مادده‌ى (١٩) له یاسای ڕاژه‌ى شارستانى ژماره (٢٤)ی ساڵى ١٩٦٠ هه‌مواركراو بڕیار دراوه، كه هیچ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانى پله وه‌زیفییه گشتییه‌كان له هه‌رێم تا په‌سندكردنى بودجه‌ى حکوومەتى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌درێت. هه‌ر كاتێك حکوومەتى هه‌رێم بودجه‌ى په‌سندكراوى له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌بوو، پله‌به‌رزكردنه‌وه ئاسایى ده‌بێته‌وه و له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌یشی ئه‌وكات له چوارچێوه‌ى یاسا كارپێكراوه‌كاندا بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت."
رێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکوومەتی فیدراڵی
دەربارەی ڕێكکه‌وتنی ئێستای حکوومەتى هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به ناردنی مانگانه بڕێك پاره مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، وه‌زیری دارایی و ئابووری گوتی: "ئەم ڕێککەوتنە ده‌رئه‌نجامی ده‌ورى گرنگى سه‌رۆكى حکوومەتى هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق بوو و له به‌رژه‌وه‌ندیى حکوومەتى هه‌رێمى كوردستاندایه."
وه‌زیری دارایی به ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری مووچه بۆ كه‌رتی ئه‌منی و سه‌ربازی ده‌چێت، گوتی: "له‌سه‌دا ٧٠ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ردوو كه‌رتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه. لێبڕینه‌كان (پاشه‌كه‌وت) له هه‌ردوو كه‌رت به شێوه‌یه‌كی جیاوازن."
وه‌زیری دارایی و ئابووری گوتی: "پاش ئه‌وه‌ی مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى ده‌خرێته سه‌ر بودجه‌ى سیادیى عێراق، نزیكه‌ی ٣٨ ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی گشتیی حکوومەتی هه‌رێم ده‌گەڕێته‌وه."
داهاتی ناوخۆ و نه‌وت و دابەشکردنی
له‌باره‌ی داهاتی ناوخۆ و نه‌وتەوە، ڕێباز حه‌ملان گوتی: "داهاتى ناوخۆ مانگانه ١١٠ بۆ ١٣٠ ملیار دیناره، كه كردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم و ده‌روازه سنوورییه داخراوەکان كاریگه‌ریى زۆرى له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆیی هه‌یه."
وەزیری دارایی گوتی: "داهاتی نه‌وت مانگانه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه ٣٠٠ بۆ ٣٢٠ هه‌زار به‌رمیلی نه‌وت هه‌نارده ده‌كات و مانگانه ٣٧٨ ملیار دینار دێته وه‌زارتی داراییه‌وه."
هەروەها ده‌رباره‌ی سندووقی داهاتی نه‌وت، وه‌زیری دارایی گوتی: "له په‌رله‌مانی كوردستان یاساى تایبه‌تى بۆ ده‌رچووه و ماوه‌ته‌وه حکوومەتى هه‌رێم په‌یڕه‌وێكى بۆ دابنێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چووەته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه."
وه‌زیری دارایی سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی داهات بۆ بواره جیاوازه‌كانی مووچه، وه‌به‌رهێنان، خه‌رجیی داموده‌زگاكانى حکوومەت و قه‌رزه‌كانی، گوتی: "له‌سه‌دا ٣٥ی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیای نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە و هەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایه و له‌سه‌دا ٦٥ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت. لە كۆی گشتیی داهاتی ناوخۆ و نەوت دوای ده‌رچوونی خەرجییه‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه پارەیه‌ی مانگانە له حكوومەتی فیدراڵییەوە بۆ هه‌رێم دێت، نزیكەی له‌سه‌دا ٨٣ بۆ پێدانی مووچە ته‌رخان ده‌كرێت، له‌سه‌دا پێنج بۆ خه‌رجیی پێشینه‌كانی داموده‌زگاكان و له‌سه‌دا هه‌شت بۆ خه‌رجیی كه‌لوپه‌لی خزمه‌تگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و له‌سه‌دا چواریش بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ته‌رخان ده‌كرێت."
شه‌فافییه‌ت له داهات
وه‌زیری دارایی و ئابووری ئاماژه‌ی به‌وه دا: "داهاتی حکوومەت له دوو جه‌مسه‌ره‌وه وردبینی بۆ ده‌كرێت، یه‌كێكیان له‌سه‌ر ئاستى نه‌وته كه كۆمپانیاى دیلۆیت پێداچوونه‌وه و وردبینى بۆ سه‌رجه‌م كه‌رتی نه‌وت ده‌كات له هێنانه‌وه و سه‌رفكردنى پاره‌كه. بۆ داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵى ٢٠١٧ زۆربه‌ى كاره‌كانی ته‌واو بووه و وردبینى له داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵى ٢٠١٨ و ساڵانى ڕابردووش ده‌كات. جه‌مسه‌رى دووه‌میش له وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورییه. كۆمپانیاى ئینڤێنتس پێداچوونه‌وه به خه‌رجى و داهاته نانه‌وتییه‌كانی حکوومەتدا ده‌كات و وردبینى له‌وه‌ش ده‌كات كه چۆن داهات زیاتر بكرێت به مه‌رجێك كه كاریگه‌رى به‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌ژار و چینى خواره‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه ده‌بێت، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه سیسته‌مێكى داتابه‌یس دروست ده‌كات و سه‌رجه‌م داهات و خه‌رجییه‌كان تێدا ڕوون ده‌كرێته‌وه."
گوتیشی: "گومرگه‌كان به ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێن و ئێستا كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان ده‌كه‌ین و هه‌ر خه‌رجییه‌ك ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت نایهێڵین و بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره بەفیڕودانێك له وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ریه‌ك له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى و دیوانى چاودێریى دارایى له‌گه‌ڵمانن و تا ئێستا به پشتیوانیى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پاره‌یه‌كی زۆریشمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه."
باج
له‌باره‌ی سه‌پاندنى باج به‌سه‌ر داهاتى تاكه‌كه‌س و كۆمپانیاكاندا، ئاماژه‌ی به‌وه دا: "له هه‌رێمی كوردستان باج له‌سه‌ر داهاتی تاكه‌كه‌س و كۆمپانیاكان به پێی یاسای ژماره ٢٠ی ساڵی ٢٠١١ هه‌مواركراوی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كراوه، به جۆرێك هه‌ر كارمه‌ندێك له كه‌رتی حكوومی، یان تایبه‌ت كار بكات و مووچه‌كه‌ی له ملیۆنێك دینار زیاتر بێت، پێویسته به ڕێژه‌ی له‌سه‌دا پێنج باج بدات، به‌ڵام تا ئێستا كارى پێ نه‌كراوه و ڕێژه‌كه‌ی له حکوومەتی هه‌رێم به به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر كه‌متره، به جۆرێك له حکوومەتى فیدراڵ ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك مووچه‌كه‌ى له ٢١٠ هه‌زار دینار به‌سه‌ره‌وه بێت، ئه‌وا له‌سه‌دا پێنج باج ده‌خرێته سه‌ر مووچه‌كه‌ی."
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به باجی كۆمپانیاكانیش، گوتی: "له‌سه‌دا ١٥ی قازانجی كۆمپانیاكان باجی ده‌خرێته سه‌ر، كه به پێی یاسای ١١٣ی ساڵی ١٩٨٢ هاوشێوه‌ی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كرێت."
بانك
سه‌بارت به چاکسازیی دارایی و بانكی و ئاسته‌نگ و ده‌ستكه‌وته‌كانی گوتی: "٨٨ بانكی گشتی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌كه‌یان، پێشخستن و ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك که‌وتووین."
وه‌زیری دارایی له‌باره‌ی لاوازیی سیسته‌می بانكییەوە له هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانی بۆ گێڕانی ڕۆڵی خۆی له مامه‌ڵه داراییه‌كان و نه‌هێشتنى پاره‌ى كاش له بازاڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ى پاره بۆ بانك ئاماژه‌ی به‌وه دا: "له وڵاتانی پێشکەوتوودا له‌سه‌دا ٨٠ ی مامه‌ڵه به سیسته‌مى بانكییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌دا ١٠٠ به پاره‌ى كاش مامه‌ڵه ده‌كرێت و به هۆیه‌وه به به‌رده‌وامی كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه و خۆدزینه‌وه له باج دروست ده‌بێت. له كاتێكدا ئه‌گه‌ر به كارت بێت ئه‌وا حکوومەت ده‌زانێت داهاتى فرۆشیاره‌كان چه‌نده و ده‌توانێت سیستمى باج ڕێك بخات و كۆنتڕۆڵی باجى كۆمپانیاكان بكرێت. ئێستا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ڕێكخستنی ئه‌م بواره‌یه له ڕێگه‌ى سیسته‌مى كارته‌وه بێت."
بایۆمه‌تری
رێباز حه‌ملان ڕۆڵی بایۆمه‌تری بۆ پێدانى مووچه به كارتى ئه‌لكترۆنى و به‌ڕێوه‌بردنى كه‌رتى دارایى و بانكى گرنگ ده‌نرخێنێت، كه به هۆیه‌وه "به‌شێكى زۆری ئه‌و كه‌موكووڕییه شاراوانه‌ى هه‌بوون ئاشكرا كراون. بۆ نموونه، دوو مووچه‌یى، یان ناوى وه‌همى ئاشكرا كراوه، حکوومەتى هه‌رێم به بوونەی سیسته‌می بایۆمه‌ترییه‌وه، زانیاریى وردی له‌سه‌ر مووچه‌خۆر و خانه‌نشینان هه‌یه، بایۆمه‌ترى سیسته‌مێكى پێشكه‌وتووه و كارى پێ ده‌كرێت."
پێشینه
له‌باره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه بۆ كارى به‌رهه‌مهێنان، هاوسه‌رگیرى و خانووبه‌ره، وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه دا: "له ساڵانى ڕابردوودا ١٣ بۆ ١٤ ملیار دۆلار له به‌غداوه بۆ هه‌رێم هاتووه. كاتێك بودجه زۆر بووه و به‌شى مووچه و خه‌رجى و پڕۆژه‌كانی كردووه، دراوه به‌و پێشینانه‌ش. هه‌ر كاتێك بودجه‌ى هه‌رێم وه‌ك خۆى لێهاته‌وه، ئه‌و پێشینانه‌ش ده‌درێنه‌وه."
سندووقی خانه‌نشینی
هەروەها گوتی: "سندووقى خانەنشینى له پرۆژەیاساى چاكسازیدا به وردى باس كراوه و پێویسته له‌سه‌دا ١٠٠ جێبه‌جێ بكرێت. جیاوازى ئێمه و به‌غدا له نه‌بوونى ئه‌و سندووقه‌یه، له به‌غدا هه‌یه و له هه‌رێم نییه. ئه‌وه‌ش بووەته هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌غدا به به‌رده‌وامی ده‌ڵێت ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم زیاتره، چونكه ئه‌گه‌ر سندووقى خانه‌نیشى هه‌بێت، پێویست ناكات پاره‌ى دیكه بۆ خانه‌نشینان ته‌رخان بكرێت، چونکە له پاره‌ى سندووقه‌كه ده‌درێت."
ده‌روازه سنوورییه‌كان
سه‌باره‌ت به ده‌روازه سنوورییه‌كان، وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: "رێككه‌وتن كراوه كه میلاكات سه‌ر به به‌غدا بن به هه‌مان كارمه‌نده‌كانی ئێستاوه. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا بۆ یه‌كخستنی گومرگ له ده‌روازه سنورییه‌كان و فروكه‌خانه‌كان، پێناسه و ڕێنماییی گومرگی، لابردنی خاڵه‌كانی گومرگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریكردنی یه‌كتر ڕێككه‌وتن كراوه و دواى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه بواری جێبه‌جێكردن."
kdp -
