وەزیری پەروەردە دەنگۆی دزەپێکردنی پرسیارەکان ڕەت دەکاتەوە
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان لە یەک ڕۆژدا، ھەنگاوێکی زۆر گرنگە"، گوتیشی: "سەرجەم پێداویستییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ئامادە کراون، پرسیارەکانیش بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان وەکوو خانەقین، زومار، شنگال و مەخموور بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک پلانی بۆ دانراوە".
لەبارەی ئەگەری دزەپێکردنی پرسیارەکان پێش بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕونی کردەوە، کە ئەو قسانە "تەنیا دەنگۆن و ھیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە"، دەشڵێت: "تەحەدا دەکەم کە یەک حاڵەتی لەو شێوەیە ڕووی دابێت، ئێمە ئامادەین تەحەمولی بەرپرسیاریەتی بکەین".
پشتیوان سادق باسی لەوەش کرد: "ساڵی ڕابردوو 24 کەس لە ھەرێمی کوردستان یەکەم و دووەم و سێیەم بوون، سەرجەمیان لە قوتابخانە حکوومییەکان بوون و لە خێزانی ھەژار بوون، تەنانەت مامۆستای تایبەتیان نەگرتبوو، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بەخاوێنی".
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە، کە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ دوو ھەزار و 102 ھۆڵ بۆ 12ی ئامادەیی و 410 ھۆڵ بۆ 9ی بنەڕەتی ئامادە کراون، ھاوکات بە ھەردوو بەشی وێژەیی و زانستی 234 ھەزار و 84 قوتابی تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن، زیاتر لە 25 ھەزار مامۆستا سەرپەرشتیاریی بەرێوەبەردنی ھۆڵەکان و چاودێری پڕۆسەکە دەکەن.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 27/5/2018، تاقیکردنەوەی کۆتایی قۆناغی 12ی ئامادەیی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.
باسنيوز
