ئەنەکەسە بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ پەیەدەدا گه‌ره‌نتیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌وێ
ئێستا کوردانی رۆژئاوای کوردستان هواخوازن لایەنەکان بگەنە چارەسەرێک و پێکەوە ڕۆژئاوای كوردستان له‌و دۆخه ناله‌بار و چه‌قبه‌ستووه‌ی تێیكه‌وتووه ده‌رباز بكه‌ن.
فواد عەلیکۆ دەڵێت، کێشەی کورد و پەیوەندی بە رژێمی سووریا و هاتنی پێشمەرگەی رۆژئاوا کێشەی سەرەکین لە نێوان ئەنجوومەنی نشتیمانیی کورد لە سووریا ''ئەنەکەسە'' و پارتی یەکێتی دیموکراتیک ''پەیەدە''.
مەرجه‌كانی ئەنەکەسە بۆ گفتۆکردن لەگەڵ پەیەدە
پەیەدە بارەگاکانی ئەنجوومەنی نشتیمانیی کورد سوتاندووه و ده‌سوتێنێ و دایخستوون و دایشیان ده‌خات. هێشتا زیاتر لە ١٠ سەرکردەی ئەنەکەسە لە زیندانەکانی پەیەدەدان و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە رۆژئاوا نائارامه.
فوئاد عەلیکۆ، كه ئەندامی دەستەی سیاسیی ئیتلافی نشتیمانی ''ئۆپۆزسیۆن''ـە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ''مەرجمان بۆ گفتوگۆکردن لە پەیەدەدا ئەوەیە، دەبێت هەموو ئۆفیسەکانمان بکاتەوە. ئاخر زیاتر لە ساڵێکە لەلای پەیەدەوە داخراون، هەموو دەستگیرکراوەکانمان ئازاد بکەن و لە شار و شارۆچکەکانی سووریا بەربەست و کێشە بۆ چالاکییەکانمان دروست نەکەن، مەرجە سه‌پێندراوه‌کان لەسەر سەرکردەکانی ئەنجوومەن نەهێڵن.''
ئه‌و جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه ئەگەر پەیەدە نیەتی گفتوگۆی هەبێت، دەبێت ئەم خاڵانە جێبه‌جێ بکات، ''ئاخر زۆر ناڕەوایە ئەم هەموو سه‌ركرده و چالاكه سیاسیانه لە زینداندا بن.''
خەڵکی رۆژئاوای کوردستان ده‌یانەوێت پێشمەرگەی رۆژ بگەڕێتەوە رۆژئاوا و پارێزگاری‌یان لێ بکات، كه ئه‌و هێزه ئێستا لە هەرێمی کوردستان شانبەشانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە بەرەکانی جەنگدایە و لە شەڕی دژی داعشیشدا داستانی گەورەی تۆمار کردوون.
موسلم محه‌ممه‌ەد، سەرکردەیه‌كی ئەنەکەسەیە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەیانەوێت جارێکی دیکە پێشمەرگە بگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان، چونکە هەموو کوڕی ئەم وڵاتەن و ئەگەر پەیەدە کاری خێری دەوێت، با رێ بدات رۆڵەکانی بگەڕێنەوە رۆژئاوای كوردستان و ئه‌وانیش وڵاتی خۆیان بپارێزن.
جەوهەری کێشەکانی ئەنەکەسە و پەیەدە لە کوێدایە و چارەیان چییە؟
فواد عەلیکۆ، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه، كه ''جەوهەری کێشەکانمان بەستراوەته‌وه به کێشەی پەیەدە بە کەیسی کورد، کێشەی سیاسی لە گۆڕەپانی سووریادا، هاوپەیمانیی نێوان لایەنە سووریاییەکان، ئۆپۆزسیۆنی سووریا و رژێمی سووریا، هەروەها مەلەفی ئەمنی و هاتنی پێشمەرگە بۆ نێو رۆژئاوای کوردستان.''
عەلیکۆ گوتیشی، کێشەکان ئەوەن کە بەڕێوبردنی ئیدارەی ناوچە کوردستانییەکان کە پێشتر لە رێکكەوتنەکاندا هاتوون، ناکرێت پشتگوێ بخرێن و ته‌نیا لایەنێک خۆی بەسەر هەموو جومگەکاندا بسەپێنێت ''ئەمە قبووڵ ناكرێ.''
پەیەدە ئەنجوومەنی نشتیمانیی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە پشتگیریی هێزەکانی تورکیا ده‌كات بۆ هێڕشکردنە سەر عەفرین، به‌ڵام وه‌ك فواد عەلیکۆ ده‌ڵێ، دەبێت پەیەدە بەخۆیدا بچێتەوە، ''ئەوان سیاسەتی هەڵە بەڕیوە دەبەن و ئەوان لە عەفرین له ڕووی سیاسی و سەربازییه‌وه شكستیان بردووه، ئینجا بۆ خۆدزینه‌وه له شكست ئەم تۆمەتە بێبنامەیە ده‌خه‌نه پاڵ ئەنەکەسه‌وه.''
ئه‌و كه هاوكات سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌نه‌كه‌سه‌شه به پێویستی ده‌زانێ، كه پەیەدە دەست لەم سیاسەتە هه‌ڵبگرێ و ده‌شڵێ ''ناكرێ ئەو سیاسەتە هەڵەیە پێرۆ بكات، چونکە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی‌دا حیساباتی زۆر لەسەر خاکی سووریا دەکرێت و دەبێت.''
لایەنی سێیەم له گفتوگۆی ئەنەکەسە و په‌یه‌ده‌دا
لەبارەی دووبارە گفتوگۆکردن و چارەکردنی کێشەکانی نێوان دوو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان، حەسەن ساڵح جێگری سەرۆکی پارتی یەکێتیی کورد لە سووریا ده‌ڵێ، پەیەدە خۆی لە ڕێکكەوتنی دهۆک بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی ''دزییەوە'' و هەموو خاڵەکان جیبەجێ نەکردوون.
ساڵح بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌ختی كرده‌وه، ''بۆ گه‌ره‌نتیكردنی چاره‌کردنی كێشه‌كان پێویستمان بە لایەنی سییەم هەیە بۆ گفتوکردن و، دەبێت ئەمریکا یان لایەنێکی جیهانی ببێتە لایەنی سێیەم.''
بە چاودێریی سەرۆک بارزانی رێکكەوتنی دهۆک ڕێككه‌وتنی نێوان تەڤگەرا جڤاکا دیموکراتیک و ئەنجوومەنی نشتیمانیی کورد بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە شاری دهۆک بۆ بەڕێوبردنی رۆژئاوای کوردستان ئیمزا کرا، خاڵەکان بریتی بوون لە:
پێكهێنانی مه‌رجه‌عی سیاسیی رۆژئاوای كوردستان كه له 30 كه‌س پێك دێت و، تێیدا ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد و ئه‌نجوومه‌نی گه‌لی رۆژئاوا هه‌ریه‌كه‌یان 12 نوێنه‌ریان ده‌بێت و 6 نوێنه‌ری تریش بۆ ئه‌و لایه‌نانه ده‌بێت كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و 2 ئه‌نجوومه‌نه‌ن.
هه‌روه‌ها، به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی رۆژئاوا به هاوبه‌شی ده‌بێت و پۆسته‌كانیش له‌نێوان 2 ئه‌نجوومه‌نه‌كه و لایه‌نه‌كانی تر به رێككه‌وتن دابه‌ش ده‌كرێت.
هاوكات هێزی هاوبه‌شیش له رۆژئاوای كوردستان و له هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان پێك دێت.
ئەنجوومەنی نشتیمانیی کورد لە سوریا ''ئەنەکەسە'' ئەنجوومەنێکی سیاسییە لە کۆمەڵێک پارت و رێکخراوی سیاسیی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ٣٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١١ لەژێر چاودێریی سەرۆک بارزانی لە هەوڵیر دامەزراوە.
kdp -
