شۆڕشی گوڵان لەناو جەرگەی نائۆمێدیدا ئۆمێدی به‌رپا كرا

 	 شۆڕشی گوڵان لەناو جەرگەی نائۆمێدیدا ئۆمێدی به‌رپا كرا
لە 26ـی گوڵانی 1976 و بە فەرمانی بارزانیی نەمر، شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان، وەك درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوكردنی ئامانجە بەدینەهاتووەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان، یەكەم بڵێسەی دا و كاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەكەمانی درێژە پێدا.

بە بڕوای پێشمەرگەكانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز، شۆڕش لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، كە نائومێدییەكی گەورە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتبوو، شۆڕشی گوڵان هێز و توانایەكی دیكەی دایە بەر گەلی كورد، ئەو شۆڕشە بە نەفەس و بیركردنەوەیەكی نوێوە هاتەوە مەیدان.
خەلیل عیسا، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، شۆڕشی گوڵان بەردەوامیدان بوو بە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەكانی دیكەی گەلی كورد، ''دوژمن وای لە ئێمە كردووە كە بەردەوام دژی بوەستینەوە، بۆیە ئەو هیوا و ئاواتەی زیندوو كردەوە، كە لەو ساتە هەستیارەدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو كە گشت ناحەزانی كوردی سەرسام كرد و ئۆمێدێكی گەورەشی بە گەلەكەمان بەخشی.''

''یەكڕیز بن''
غەفوور حاجی، پێشمەرگەیه‌كی دیكه‌ی شۆڕشی گوڵانه‌ و بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "شۆڕشی گوڵان لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، كە نائومێدییەكی گەورە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتبوو، ئەو شۆڕشە بە نەفەس و بیركردنەوەیەكی نوێوە هاتە مەیدانەوە، ئەمڕۆیش خەبات دەكەین تاكو هەرێمەكەمان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر هەنگاو بنێت، بۆیە لەو یادە پیرۆزەدا داوا لە هەموو خەڵكی هەرێم و لایەنەكان دەكەم، یەكڕیز بن و پشتگیری لە بڕیار و هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بكەن تاكو پێكەوە سەربەخۆیی یەكجارەكی بەدەست بهێنین.''

شۆڕشی گوڵان وەڵامده‌رەوەی ئەو پیلان و گەلەكۆمەكێیە بوو كە لە دوای پیلانی جەزائیری ساڵی 1975 دەرحەق بە گەلی كورد كرا، چونكه‌ به‌ نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ڕەشبینیەك دروست ببوو و دوژمنانی كورد بەتایبەت ڕژێمی بەعس وای نیشان دا كە شۆڕشی كورد كۆتایی پێهاتووه‌، حكوومەتی ئه‌وسای عێراق بە تەما بوو هەرێمی كوردستان هەمووی خاپوور بكات.
kdp -
Top