پارتی: لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگی گەڕاوینەتەوە بەغدا
فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، ڕایگەیاند: ”ئەو سێ بنەمایەی کە پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق دایناوە، زۆر پەسەندە کە بریتین لە هاوبەشی، تەوافوق و هاوسەنگی، ئەگەر حکوومەتی عێراقیش پێشێلی بکات، پێش ھەرێمی کوردستان زیانی بۆ خۆی دەبێت، چونکە بە بێ بەشداری ڕاستەقینەی گەلی کورد و ھەرێمی کوردستان لە دەسەڵات و سامان کە دوو پرەنسیپی سەرەکین لە فیدراڵیەتدا، عێراق ئارام و سەقامگیر نابێ“.
پەرلەمانتارەکەی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە لە ڕابردوودا کورد بە فیعلی لە دەسەڵات و سامان بەشدار نەبوو، بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە کە لەسەر بنامەیەک بۆ چوار ساڵی داھاتوو ڕێک بکەون، کە گونجاو بێت بۆ جێبەجێ کردن، ھەروەھا میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕوون و دیار بێ، چونکە لە بەرنامەی حکوومەتەکەی عەبادی و مالیکیش بۆ نموونە مادەی ١٤٠، یەکێک بوو لە خاڵەکانی جێبەجێکردن، بەڵام جێبەجێ نەکرا، بۆیە دەبێ بیر لە میکانیزم و سەقفی زەمەنی بکرێتەوە.
ئاشکراشی کرد، کە نایانەوێت بەشداربن بکەن، بەڵکو دەیانەوێت ھاوبەش بن لە حکوومەدا، دەشڵێت: ”ئەگەر بە عەقڵیەتی زۆرینە و کەمینەش مامەڵە بکرێ، کەواتە بوون و نەبوونمان لە بەغدا یەکسانە بە ھیچ، لەبەر ئەوەی لە ٣٢٨ کورسی پەرلەمانی عێراق، کورد ١٠٠ کوسیشی ھەبێ، ھاوکێشەکە ناگۆڕێت، بۆیە پێویستە ڕێز لە پێکھاتەیەکی سەرەکی عێراق کە کوردە، بگیرێ و لە دەسەڵات، سامان، ئیدارەدان، بەڕێوەبردن و حکوومەتدا بەشدار بن“.
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی، لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دا، کە گرنگترین شت کە لە چوار ساڵی داهاتوودا کاری بۆ بکەن، پێداگریکردنە لەسەر گەڕاندنەوەی بنەمای تەوافوق، ”دەبێ ئەنجومەنی ئیتحادی دروست ببێت کە وەک ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی جارانە، لەوێ دەتوانن بە هاوسەنگی و تەوافوق ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان بە زۆرینە دەردەچێت، بۆ پەرلەمانی بگەڕێننەوە“.
بە بڕوای فرسەت سۆفی، ئەگەر عێراق بنەمای تەوافوق پێشێل بکات، ھەموو لایەک زەرمەند دەبن، بەڵام ”بەدڵنیاییەوە ئەم دۆخە تاسەر نابێت“، ئەگەر حکوومەتی عێراق ھەر بە عەقڵیەتی جاران مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات، ئەوا ”مانای وانییە ئێمە خۆمان ڕادەست دەکەین“. ئەوەشی دووپات کردەوە: ”جاری ڕابردوو ڕیفراندۆممان کرد، بەدڵنیاییەوە بیر لە ڕێگای دیکە دەکەینەوە، ئەگەر بڕیاربێ مافەکانی گەلی کوردستان و ئەو بنەما دەستوورییانەی ئێمە لەسەری بڕیاری گەڕانەوەمان بۆ عێراق داوە، ھەر پێشێل بکرێت، بۆیە نە سەقامگیری روو لە عێراق دەکات، نە ئێمەش دەتوانین بەردەوام بین“.
باسنیوز
