سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

 سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە
سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاندووە، گەلی کوردستان سەرەڕای پیلانگێڕییەکان، بە ئیرادەیەکی بەرزتر لە جاران تێدەکۆشێ.


رۆژی شەممە 26/5/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی یادی 42 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، بڵاو کردەوە.


سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان، رایگەیاندووە، شۆڕشی گوڵان سەلماندوویەتی، کە ئەگەر گەلی کوردستان لە قۆناغێکدا تووشی نسکۆش هاتبێت، ئەوا ”ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی“.


هەروەک سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە، ئەو دەستکەوتانەی ئێستا گەلی کوردستان بە دەستی هێناوە، ”بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەكانی تر“.


سەرۆک بارزانی لە درێژەی پەیامەکەیدا، جگە لە سڵاو بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دروود ناردن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، ئاماژەی بە ناوی یەکەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان کردووە، کە شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی بوو.


لە پەیامەکەدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوە کردووەتەوە، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ”ئیرادەی گەلی كوردستان بەهێزە و سەرباری بوونی پیلانگێڕی بەڵام بە ئیرادەیەكی بەرزتر لە جاران تێدەكۆشی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی و بەردەوامی لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتنخوازی“.


شۆڕشی گوڵان لە 26/5/1976 بە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵگیرسا و دواتریش لە سەردەمی ئەو شۆڕشەدا، بەرەی کوردستانی دروست بوو و راپەڕین دژی رژێمی بەعسی عێراق لە بەهاری 1991 کرا و هەرێمی کوردستان ئازاد بوو.









باسنيوز
Top