قایمقامیەتی هەولێر: بە بەڵگەوە کۆمسیۆنمان بۆ سزادانی هەندێک لایەن ئاگادار کردووەتەوە
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ڕایگەیاند: ”ئێمە وەک ئیدارە لەگەڵ کۆمیسیۆندا قەوارە سیاسییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە پۆستەر، وێنەکانیان هەڵبگرنەوە، بە پێچەوانەوە بەپێی ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆن، تووشی سزادان دەبن“.
قایمقامی هەولێر، ئەوەشی خستە روو، کە هەموو شارەوانییەکانی هەولێر ئاگادار کراونەتەوە، کە دەست بە لێکردنەوەی پۆستەرەکان بکەن، بەبێ جیاوازی، ئەوانیش دەست بەکاربوون و بەردەوامن، بەڵام لەبەر زۆری ڕێژەی وێنە، لافیتە، پۆستەرەکان هێشتا نەتوانراوە تەواو بکرێ.
ئاشکراشی کرد، کە لە ڕێی شارەوانییەکانەوە بە بەڵگە کۆمیسیۆنیان ئاگادار کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەی کە پۆستەرەکانی خۆیان لێ نەکردووەتەوە سزا بدرێن.
رۆژی 12\5\2018، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڕێوەچوو، مانگێک بەر لەم وادەیە، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد، زۆربەی تەلار و ستوونەکانی شار بە پۆستەری لایەنەکان داپۆشرا، دوای دوو هەفتە لە تەواوبوونی ئەم هەڵبژاردنە، هێشتا چەندین پۆستەر بە ستوونەکانەوە ماون.
باسنیوز
