"کورد مەرجی هاوبەشی و شەراکەت و هاوسەنگیی لە عێراق دەوێ"

عێراقی فیدراڵ لەبەردەم تێستێکی گەورەدایە، کە ئایا کابینەی داهاتوو دەتوانێ پرەنسیپەکانی فیدڕاڵی بپارێزێ؟ ئێستا کورد مەرجەکانی خۆی لەسەر سێ بنەمای سەرەکی گەیاندوون کە ئەوانیش هاوبەشی و شەراکەت و هاوسەنگییە لە عێراقدا، چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئەگەر بەغدا ئەم جارە ئەم سێ بنەمایەی کوردی پێشێل کرد، ئیدی هاوسەنگیی عێراق تێک دەچێ و دەستی کورد دەکرێتەوە.

تەوافوق وەک پڕەنسیپی سیاسی

لە دەستووردا باس لە تەوافوق نەکراوە، بەڵام بۆ ڕاگرتنی باڵانسی ھێز و دابەشکردنی یەکسانی دەسەڵات لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق کار بە تەوافوق بەڕێوە چووە، ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکی بوو کە ئەوکات لایەنەکان نزیکی یەک بن. لەم بارەیەوە دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تەوافوق لە عێراق پڕەنسیپێکی سیاسییە، نەک دەستووری و یاسایی، لە نێو دەستووری عێراقدا شتێک نییە بە ناوی ئەوەی دەبێ دەسەڵات لەسەر بنەمای تەوافوق دابەش بکرێت، بەڵام دوای پێداگریی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان تەوافوق کرا بە عورفێک و دەستکەوتێکی سیاسی، لەبەر ئەوەی لە عێراق حوکمڕانی بەبێ تەوافوق ناکرێت، تەوافوق لەسەر ئەو بنەمایەی سێ پێکھاتەی سەرەکی لە عێراقدا ھەن، ئەویش کورد و سوننە و شیعەیە و جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە عێراق بەسەر ئەو سێ پێکھاتەیەدا دابەش دەکرێت."

کورد لە تەوافوقدا ھەم پێداگریی کرد و ھەمیش لە بەرژەوەندیی خۆیدا بوو، چونکە ئەگەر بە زۆرینە و کەمینە عێراق بەڕێوە بەرن و تەوافوق تێک بچێت، ئەوە کورد ناتوانێ لەگەڵ عێراق بژی، چونکە بە زۆرینە و کەمینە ھیچ پرسێک سەرناگرێت. بابکەیی زیاتر لەم بابەتە دەدوێ و دەڵێ: "ھیچ کابینەیەکی حکوومەت بەبێ بەشداریی کورد ناتوانن پێک بێنن، چونکە دەبێتە ھۆی نەمانی تەوافوق، ئەگەریش تەوافوق نەکرا ئەو عورفی سیاسییەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ جێبەجێ دەکرا تێک دەچێت، بەو ھۆیەوە پڕۆسەی سیاسی و ئەمنیی عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، من لەو باوەڕەدا نیم، کە تەوافوق لە عێراق تێک بدرێت و حکوومەتی داھاتووی عێراق بەبێ کورد و بەتایبەتیش بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان دروست نابێت."

ھاوسەنگی لە عێراقدا

بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوود ھەرێمی کوردستان کێشەی ھاوسەنگیی ھەبووە لەگەڵ عێراق، چونکە ھاوسەنگی لە ھیچ بوارێکدا وەک یەک نەبووە، بەردوام کاتێک عێراق بەھێز بووە ھیچ ھاوسەنگییەکی نەھێشتووتەوە لە نێوان خۆی و ھەرێمی کوردستاندا، بە پێچەوانەوە کاتی لاواز بووە ددانی بەوەدا ناوە ھاوسەنگی نابێت بە پێی بەرژەوەندیی تاکلایەنە بەکار بێت. لەم بارەیەوە، ماجد محەمەد، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھاوسەنگی بۆ وڵاتێکی وەک عێراق زۆر گرنگە، چونکە وڵاتێکی فرەئایین و فرەنەتەوە و فرەمەزھەبە. لەگەل ئەوەشدا، وڵاتێکی فیدڕاڵیی دیموکراتییە، ئەگەر ھاوسەنگیی نێوان ھێزەکان و پێکھاتەکان پارێزراو نەبێت، ئەوە ھاوسەنگییەکە تێک دەچێت و کاریگەریی خراپی دەبێت، ئینجا کە باس لە ھاوسەنگی دەکەین لە ھەموو بوارەکانی سەربازی و ئابووری و سیاسی و پەرلەمانیدا مەبەستە. لە عێراقدا سەرەتا ھاوسەنگییەک خەریکبوو دروست بێت، بەڵام دواتر ھاوسەنگی تێک درا و کێشە پەیدا بوون."

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو ھیچ شتێک بە ناوی ھاوسەنگی لە عێراقدا نەما، بە ئاشکرا کار لەسەر ھێز کرا بۆ گۆڕینی ھاوسەنگی لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق. ماجد محەمەد لەسەر ئەم پرسە ئاماژە بۆ جێگرتنەوەی هێز لە هاوسەنگی عێراق دەکات و دەڵێ: "دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھیچ شتێک بە ناوی ھاوسەنگی نەما لە عێراقدا و کۆتایی ھات، چونکە ئەو کات ھێزی سەربازی بەکار ھێندرا، بەکارھێنانی ھێز ھاوسەنگی ناھێڵێ، ئێستا بۆ نموونە، ڕێژەی کورد لە نێو سوپای عێراقدا چەندە؟ ھیچ. کەواتە کوا ناھاوسەنگیی ھێز لە عێراقدا شوێنی ھاوسەنگیی گرتووەتەوە، کێ ھێزی زیاتر بێت زیاتر ھاوسەنگی لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەکار دێنێت کەچی لە بنەڕەتدا وا نییە، ئێستاش دوای ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار و گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا ھاوسەنگی دروست نەبێتەوە، قەت کێشەکان چارەسەر نابن."

شەراکەت

شەڕی چەندین ساڵەی کورد لەگەڵ ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە پێناو بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد و شەراکەت بوو لە عێراقدا، بەڵام وەک شارەزایەکی مێژوو ڕوونی دەکاتەوە، کورد لەبەر ئەوە پەنای بۆ شەڕ برد، کە شەراکەت نەبوو لە عێراقدا و ئەوانەی دەسەڵاتداری عێراق بوون، تەنیا ئامادەن عێراق وەک وڵاتێکی عەرەبی و بەشێک لە نەتەوە و خاکی عەرەب پێناسە بکەن و ڕێگە نەدرا ھیچ نەتەوە و پێکھاتەی دیکە لە دەسەڵاتدا بەشداری بکەن.

خەڵات مووسا، شارەزای مێژووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دەستووری سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا بۆ یەکەم جار عێراق دانی بەوەدا نا، کە کورد و عەرەب دوو نەتەوەی سەرەکیی عێراقن، بەڵام ئەوکاتیش عێراق لە بڕگەیەکی دیکەی دەستووری خۆیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب و خاکی عێراق بەشێکە لە خاکی عەرەبستان، ئەوکات شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر ئەوەی قبووڵ نەکرد."

پارتی دیموکراتی کوردستان لە کارنامەی لیستی ١٨٤ بۆ پەرلەمانی عێراقدا پێداگریی لەسەر شەراکەتی ڕاستەقینە کردووەتەوە لە عێراقدا، کە کورد وەک ھاوبەش بەشدارە لە دەسەڵاتی عێراقدا، خەڵات مووسا دەشڵێ: "مەبەستی پارتی لە شەراکەتی ڕاستەقینە ئەوەیە، ناکرێت بەغدا بڵێ ئێمە و ھەرێمی کوردستان شەریکین لە عێراقدا، بەڵام نابێ ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەسەر ناوچە کوردستانییەکان و کەرکووکدا بشکێت، واتە پارتی دەیەوێ شەراکەتێک ھەبێت بەغدا چەند مافی ھەیە بۆ ھەر پرسێک، ھەرێمی کوردستانیش بە ھەمان شێوە بێت."
kdp-
Top