مامۆستاییەكی زانكۆ: پێویستە كورد لەم قۆناغەشدا لەگەڵ عێراق شەڕی دەستوور بكات

 مامۆستاییەكی زانكۆ: پێویستە كورد لەم قۆناغەشدا لەگەڵ عێراق شەڕی دەستوور بكات
مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی و شارەزایەکی مێژوو ڕای دەگەیەنێت، پێویستە كورد لەم قۆناغەشدا شەڕی دەستووری لەگەڵ عێراقدا بكات.

د. كەیوان ئازاد، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانكۆی سلێمانی، ڕایگەیاند: "بە بۆچوونی من عێراق نابێتە وڵاتێكی دیموكراتی کە مافەكانی كورد جێبەجێ بكات، بەڵام دیارە رەوتی ئەمڕۆی نێودەوڵەتی ئەوە ناخوازێ كورد سەربەخۆ بێت، بۆیە لەم قۆناغەدا ئایندەی كورد جارێكی‌تر كەوتووەتەوە عێراق، ئەوەی گرنگە ئێستا كورد بە یەكڕیزی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی شەڕی دەستوور بكات بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد، بەڵام ئەگەر ناوماڵی كورد پەرتەوازە بێت، هەرگیز ناگەین بە مافەكانمان".

روونی كردەوە، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان كە ژمارەیەكی بەرچاوی كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە و یەكەمی كوردستانە و چوارەم هێزی عێراقە، بۆیە بەبێ پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی هیچ شتێك تێناپەڕیت، چونكە سەرۆك بارزانی بووەتە مەرجەع بۆ دانوستانەكانمان لەگەڵ عێراق و ئەورووپا و ئەمریكاش وەك كەسایەتییەكی سیاسی گەورە دەیبینن".

هاوكات ئەو مامۆستایەی زانكۆ، ئەوەشی خستە ڕوو: "بەبێ پارتی هیچ شتێك ناكرێت، چونكە وەك گوتم یەكەمی كوردستانە و ژمارەی كورسییەكانی لە هەموو لایەنەكانی‌تر زیاترە، بەڵام پێویستە كورد لە بەغدا سوود لە هەڵەكانی ڕابردوو وەربگرێت بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانمان تا ئاستێك بپارێزرێت و رەنگە لە داهاتوودا كێشەی مووچە و بودجە چارەسەر بن، بەڵام لەوانەش گرنگترە كێشە سیاسییەكان و مافە نەتەوەیەكانمانە كە پێویستە هەوڵی بۆ بدرێت تا دەستەبەر بکرێن، بۆیە پێویستە كورد لەم قۆناغەشدا شەڕی دەستووری لەگەڵ عێراقدا بكات".










باسنیوز
Top