میلیشیاكانى حەشدی شەعبی هەڕەشەی داگیركردنى گونده‌كانى سنووری خانەقین دەکه‌ن

 میلیشیاكانى حەشدی شەعبی هەڕەشەی داگیركردنى گونده‌كانى سنووری خانەقین دەکه‌ن
بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، فەوجێکی میلیشیاكانى حەشدی شه‌عبی هەڕەشەی وەرگرتنی موڵک و ماڵ لە گوندنشین و جووتیارانی کورد لە سنووری خانەقین دەکەن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین ڕایگەیاند: ”فەوجێکی عێراقی بەناوی حەشد و سوپای عێراقەوە هاتوونەتە گوندی (فەرەج)ی سەر بە شارەدێی گوڵالە لە سنووری خانەقین، ئەو هێزە سنووری هێزە هاوبەشەکانی لیواکانی سێ و پێنجیان تێپەڕاندووە، پێشتر ئەو دوو لیوایە ڕێککەوتنیکیان کردووە“.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لەکاتی ڕژێمی پێشوودا (سەدام حوسێن) بڕیارێکی دەرکرد، بۆ هێنانی عەرەب بۆ ئەو گوندانەی سنووری خانەقین و ماڵ و زەوی کوردەکانیان ته‌عریب کرد، سەرەڕای ئەوەی مام جەلال بوو بە سەرۆک کۆمار و چەندین وەزیری کوردیش چوونە بەغدا، نه‌توانرا ئەو بڕیارەی ڕژێمى به‌عس هەڵ بوەشێننەوە، بۆیه‌ ئێستا ئەوان بەناوی سوپا و حەشدی شەعبی دێنە گوندەکان و هەڕەشە لە جووتیارانی كورد دەکەن و داوای موڵک و ماڵیان لێ دەکەن“.

ئەو بەرپرسەی پارتی، گوتیشی: ”ئەو هێزە نەدەبوو بێتە ئێرە، چونکە ته‌نانه‌ت سنووری ساڵى 2003یشیان تێپەڕاندووە، هەرچەندە فه‌رمانده‌ى فەوجی ئەو هێزە گوتوویەتی کە بۆ داگیرکاریی نەهاتوون و کەس لەوێ دەرناکەین”.










باسنیوز
Top