شاندی پارتی و یەکێتی لە بەغدا کۆ دەبنەوە
شوان محەمەد، ئەندامی شاندی پارتی بۆ بەغدا و بەرپرسی لقی ٥ی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا لەگەڵ لایەنەکان بەردوامن و ئەمڕۆش لەگەڵ کۆمەڵێک لەو لایەنانەی کە ماون کۆ دەبنەوە، وەک حەیدەر عەبادی، نەسر، ئیتلافی وەتەنی ئەیاد عەلاوی و پارتە سیاسییە شیعەکان، هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ فواد مەعسووم سەرۆک کۆماری عێراقیش کۆ دەبینەوە".
ئەندامی شاندەکەی پارتی ئاشکراشی کرد: "پارتی دەیەوێت تێڕوانینی ئەو لایەنانە لەسەر حکوومەتی داهاتووی عێراق بزانێت، بۆی گرنگ نییە چەند کورسییان هەیە، یان چەندیان بەدەست هێناوە".
پێشتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە٢٣\٥\٢٠١٨ شاندێکیان بە سەرۆکایەتیی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەو شاندەکەی پارتی لەگەڵ ئەو شاندەی یەکێتی لە بەغدا، شوان محەمەد ئاشکراشی کرد: "ئەمڕۆ لەگەڵ شاندەکەی یەکێتی لە بەغدا کۆ دەبینەوە، چونکە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی گرنگە و ڕەنگە ئەوان دواکەوتبن، ئەگەر نا پارتی تەحەفوزی لەگەڵ کەس نییە".
باسنیوز
