هۆشیار زێباری لەبارەی پشتگوێخستنی سكاڵای لایەنەكان هۆشداری دەداتە كۆمسیۆن
زێباری كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی "پێویستە لەسەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) كە پشتیوانی تەكنیكی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، لەگەڵ دادگای عێراق، كە متمانە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی ئەمساڵ بگێڕنەوە".
زێباری نووسیویەتی دەبێ ئەم سێ لایەنە پەیوەندیدارە بابەتی سكاڵای لایەنەكان چارەسەر بكەن، هەروەها تانەكانیش بەڕێگەی یاسایی یەكلا بكەنەوە، نەك پشتگوێیان بخەن یان ڕەتیان بكەنەوە.
سەركردەكەی پارتی لە كۆتاییدا نووسیویەتی عێراق لەبەردەم دووڕیانێكدایە، یا سەقامگیری یان بێسەروبەری.
جێی باسە ژمارەیەك لایەنی سیاسی بە توندی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقیان رەت كردووەتەوە، بەتایبەتیش لە هەرێمی كوردستان، هەریەك لە لایەنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوو، هاوپەیمانی و كۆمەڵی ئیسلامی.
bas news -
