دیندار دۆسکی: سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا گرینگە

 	 دیندار دۆسکی: سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا گرینگە
سیاسەتمەدار، دیندار دۆسكی دەڵێ، سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا گرنگیی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی هەڵوێستی لایەنە براوەكان بەرامبەر بە داواكانی گەلی كورد بزانن، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر لەسەر داوای سەرۆك بارزانی كە داوای كردووە هەموو حزبە كوردستانییەكان پێكەوە دابنیشن و هاوپەیمانی كوردستانی پێك بهێنن، ئەوەش شتێكی باش و پێویستە، چونكە بەغدا شوێنی بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكان و بە دەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانە.



بەغدا ناتوانێت بەبێ كورد یەك هەنگاو بنێت و حكوومەتی نوێ پێك بهێنێت، چونكە پێكهاتەیەكی سەرەكییە، لە ڕووی دەستووریشەوە نابێت كورد پەڕاوێز بخرێت و بەشدار نەبێت.



دیندار دۆسكی، سیاسەتمەدار بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كرد: "كورد كاتێك كە یەكدەنگ و یەكڕیز بێت، ئەوە دەبێتە هێزێك بۆ كوردان و كورد دەبنە هێزێكی گەورە لە عێراق، لیستی هەرە گەورە ئێستا لیستی سائیرونە، ئەویش بە تەنیا ناتوانێت حكوومەت پێك بهێنێت، ناچارە حكوومەتێكی فرە لایەنی پێك بهێنێت، حكوومەتێكی تەوافوقی پێك بهێنن، بۆیە ئەوە وا دەكات كە كورد هاوپەیمانیی كوردستانی دروست بكەن، وەكو جاران كە هەبوو، چونكە كورد كە ئێستا نزیكەی 60 كورسی هەیە، هێزێكی گەورەیە و دەتوانن زۆر لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنن و ئەوانە بكەنە مەرج لەسەر حكوومەتی داهاتووی عێراق، كورسیی پارتی و یەكێتی زۆرن و دەتوانن بۆ كورد زۆر شت بەدەست بهێنن، حزب و لایەنەكانی دیكەش دەتوانن لەگەڵ ئەو دوو حزبە پێكەوە هاوپەیمانیەتی پێك بهێنن و بەرگری لە مافەكانی كورد بكەن، چونكە بەغدا شوێنی كێشە ناوخۆییەكان نییە، بەڵكو شوێنی بەرگریكردنە لە مافە دەستوورییەكان و شوێنی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانە."



گوتیشی: "سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا شتێكی زۆر باشە و گرنگیی خۆی هەیە، چونكە لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان دادەنیشن و دەزانن كێ لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندایە، بۆ ئەوەی لەگەڵی ڕێك بكەون، ئەیاد عەلاوی هاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆ بووەوە، بەغدا پایتەختە و بارەگای زۆربەی حزبە سیاسییەكان لەوێیە، بۆیە سەردانی شاندی پارتی گرنگە بۆ ئەوەی هەڵوێستی لایەنە براوەكان بەرامبەر بە داواكانی گەلی كورد بزانن، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر لەسەر داوای سەرۆك بارزانی هەوڵ بدرێت هەموو حزبە كوردستانییەكان لەگەڵ یەك پێكەوە دابنیشن و هاوپەیمانیی كوردستانی پێك بهێنن، ئەوەش شتێكی باش و پێویستە".
kdp-
Top