پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ مەحموود عەباس، بە کونسوڵخانەی فەڵەستین درا
كونسوڵی فەڵەستین لەكاتی پێشوازیكردن لە ھێمن ھەورامی، کە پەیامی ھاوخەمیی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی نەخۆشكەوتنی بەڕێز مەحموود عەباسەوە گەیاندە کونسوڵخانەی فەلەستین، گوتی: گەل و حکوومەتی فەڵەستین هەمیشە سەرۆک بارزانی بە ڕابەر و ڕەمزی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەزانن.
"ئەمڕۆ ھێمن ھەورامی، بەرپرسی كاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەكانی مەكتەبی سەرۆك بارزانی،پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستینی گەیاندە كونسوڵخانەی فەڵەستین لە ھەولێر."
پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەندروستیی مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین ناجێگیر بوو و نەشتەرگەری بۆ کرا، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی، پاشنیوەڕۆی ٢٢ی ٥ی ٢٠١٨، ھێمن ھەورامی سەردانی کونسوڵی گشتیی فەڵەستینی کرد لەهەولیر و پەیامی پەرۆشیی سەرۆک بارزانی و لە نزیکەوە ئاگاداربوونی لە ڕەوشی تەندروستیی بەرێز مەحموود عەباسی گەیاند. سەرۆك بارزانی لە پەیامەکەیدا هیوای ھەرچی زووتر چاكبوونەوەی بۆ مەحموود عەباس کرد و هیوای خواست خوایگەورە شیفای خێری بدات.
کونسوڵی فەڵەستین، وێرای سوپاس و پێزانین بۆ پەرۆشی و پەیامی سەرۆک بارزانی، دووپاتی کردەوە کە گەل و حکوومەتی فەڵەستین هەمیشە سەرۆک بارزانی بە ڕابەر و ڕەمزی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەزانن.
ھێمن ھەورامی ھەر لە ھەمان ڕۆژدا، دیداریکی سیاسی لەگەڵ شاندێکی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنجام دا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چوارچێوەی سیاسەتی پارتی بۆ گفتوگۆکانی بەغدا و پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی نۆی ئەمساڵدا. بەرپرسیكاروباری سیاسی و پەیوەندییەكانی مەكتەبی سەرۆك، دیدگا و ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ حكوومەتی نوێی عێراق و ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕوون كردەوە.
kdp-
