د. بێوار خنسی: پێشبینی ده‌كرێت نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت بگاته 100 دۆلار
رۆژ به ڕۆژ نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا له به‌رزبوونه‌وه‌دایه و ئه‌مڕۆ نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له بازاڕه‌كان گه‌یشته 80 دۆلار و شاره‌زایانی نه‌وت و گازیش باس له‌وه ده‌كه‌ن کە به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كاریگه‌ریی لەسه‌ر ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
د. بێوار خنسی، ڕاوێژكاری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وزه و شاره‌زای نه‌وت و گاز، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "چه‌ند فاكته‌رێك هه‌یه بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، له‌وانه داواكاری بۆ نه‌وت له بازاڕه‌كاندا زیاتر بووه و خاڵی دیكه ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌یەی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا دروست بووه، به‌تایبه‌ت تێكچوونی پێوه‌ندیی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا، بۆیه ڕه‌نگه گه‌مارۆی ئابووری بخرێته سه‌ر ئێران و كۆمپانیاكانی نه‌وت كاری خۆیان له ئێران ڕابگرن و كۆمپانیای تۆتاڵ و كۆمپانیای میلیسكی دانیماركیش كاری خۆیان ڕاگرتووە."
د. بێوار خنسی گوتی: "ئێران ڕۆژانه سێ ملیۆن و300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت كه ده‌فرۆشێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه كه‌م بێتەوە، نرخی نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه و ئه‌گه‌ر فشاری وڵاتانیش نه‌بێت ئه‌و نه‌وته‌ی عه‌مبار كراوه له چین و ژاپۆن و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا كه‌م بێت، ئه‌وكات نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت ده‌گاته 100 دۆلار، ئه‌مه‌ش گه‌ر فشاره‌كان له‌سه‌ر ئێران به‌رده‌وام بن، چونكه ئه‌وكات ئۆپێك كه ملیۆنێك و300 هه‌زار به‌رمیل كه‌م بكات ڕاسته‌وخۆ نرخی نه‌وت زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه."
د. بێوار خنسی گوتی: "هه‌ر وڵاتێك نه‌وت بفرۆشێت دۆخی ئابووریی باشتر ده‌بێت و هه‌رێمی كوردستانیش كه خاوه‌ن نه‌وته دۆخی ئابوورییەکەی زۆر باشتر ده‌بێت، بۆیه ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئەوەی کە قه‌یرانی دارایی زووتر چاره‌سه‌ر بێت و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له كاتی خۆیدا بدرێت و كورتهێنان كه‌متر ده‌بێت و سه‌ربه‌خۆییی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌بێت و ئه‌و كێشانه‌ی دروستیش بوونه، هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌بن و ئەو كۆمپانیانەی له هه‌رێم كار ده‌كه‌ن داهاتی هه‌رێم زیاتر ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌مه هه‌مووی وا ده‌كات داهاتی هه‌رێم زیاد بكات."
خنسی باسی له‌وه‌ش كرد: "بۆ بودجه‌ی عێراق هه‌ر به‌رمیلێك نەوت به 46 دۆلار خه‌مڵێندراوه و ڕۆژانه 3 ملیۆن و800 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشن، بۆیه ئێستا كه نرخی نه‌وت به‌رز بووەته‌وه وا ده‌كات داهاتی عێراق بۆ قاتێك و نیو زیاتر بێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر بن، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور کار بکات."
kdp-
