فازڵ میرانی: پۆستی سەرۆککۆمارمان دەوێت نەک سەرۆکی پەرلەمان
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند: بڕیارە کاژێر 1:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 22-5-2018، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و بە یاوەری خەسرۆ گۆران و شوان محەممەد تەها، لە بەغدا لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە و گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بکەن".
پەیامنێری رووداو راشیگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا گەڕێکی دانوستاندنەکانی نێوان لایەنە عێراقییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکومەت دەستیپێکردووە، لیستی سائیرون کە زۆرترین کورسی لەم خولە بەدەستهێناون، بەشێکی زۆری لایەنە شیعییەکانی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، ئەو هەوڵەی سائیرونیش بۆ ئەوەیە چۆن بتوانێت پۆستی سەرۆکوەزیران لەبن دەستی حیزبی دەعوە دەربهێنێت".
فازڵ میرانی، سەرۆکی شاندی پارتی پێش بەڕێکەوتنی لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەبێ پارتی پۆستەکانی حکومەتی عێراق دابەشناکرێن". ئاماژەی بەوەش کرد کە وەکو عورفێکی سیاسی سەرەتا لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆدەبنەوە، بەوپێیەی هاوپەیمانێتییەکەی زۆرترین کورسی هێناون، دواتر سەردانی عەبادی، مالیکی، عەللاوی و سەرجەم لایەنەکان دەکەن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا وەکو کورد لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە کام پۆستیان دەوێت؟ فازڵ میرانی گوتی: "دەبێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کورد بێت، راستە پرۆتۆکۆڵییە، بەڵام سەرۆککۆمار رەمزی عێراقە و بۆ کورد باشە پۆستەکەی لەدەستبێت. هەروەها سەرۆکوەزیران نادەنە ئێمە، سەرۆکی پەرلەمانیش ئەگەر فراکسیۆنێکی گەورەی لەپشت نەبێت، وەکو سەرۆککۆمار لاواز دەبێت، بۆیە باشترە کوردێک رەمزی عێراق بێت".
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کورستان بۆ رووداو
ئێمە لەگەڵ رێککەوتن داوای میکانزم دەکەین، یەکەمین میکانزمیش بە دیدی ئێمە وەکو کورد و وەکو عێراقیش دەبێت ئەنجوومەنی فیدراڵی دروست بکرێت، ئەنجوومەنی فیدراڵی دەبێتە مەرجەعێک بۆ هەر میکانزمێک.
پرسیار: بۆچی دەچن و لەگەڵ کێ کۆدەبنەوە؟
فازڵ میرانی: ئێمە بەپێی بڕیاری مەکتەبی سیاسی و جەنابی سەرۆک بارزانی، هەڵبەت بڕیاربوو کاک نێچیرڤان سەرۆکایەتی ئەو شاندە بکات، بەڵام لەبەر هەندێک بارودۆخی تایبەتی نەکرا، ئێمە دەچینە بەغدا، هەڵبژاردن کرا، کەم یان زۆر گلەیی لەسەر پرۆسەکە هەیە و گلەیی زۆر لە ئەدای کۆمیسیۆن هەیە، بەڕاستی هەموومان رازی نەبووین، ئەوانەی دەنگیان بردووە و ئەوانەی دەنگیان خوراوە بە قسەی خۆیان، هەموومان لەو کۆمیسیۆنە رازی نین، ئەدای خراپ بوو، ئامێرەکانی خراپ بوو، بەپێی ئەدای خراپ و ئامێری خراپ ئەم دەرهاویشتەی لێ دروست بووە.
لەدوای هەڵبژاردن لە هەر وڵاتێک، حکومەتەکە دەبێتە حکومەتی کاربەڕێکەر، سەرۆکی کۆمار دەبێتە کاتی و سەرۆکی پەرلەمان نامێنێ، دەبێت دامەزراوە تەنفیزی و تەشریعییەکانی ئەم وڵاتە سەرلەنوێ دابمەزرێنەوە.
کورد پێگەیەکی ئەساسی هەیە لە عێراقدا، بێجگە لەوەی چەند دەنگی هەیە، ئەوە کێشە نییە، بەڕاستیش ئێمە لەگەڵ واژۆ نین کە دەڵێن پشک پشکێنە، پشک پشکێنە لەگەڵ حیزبەکان دەکرێت، ئێمە وەکو کورد نەتەوەی دووەمین لە عێراق، بە ئێمە ناڵێن پشک پشکێنە، بەڵکو بە ئێمە دەڵێن هاوبەش، ئێمە هاوبەشین.
ئێمە دەچین بەدواداچوون لەگەڵ هەموو لیستە براوەکان دەکەین بەبێ جیاکاری. پارتی هەمیشە ڤیتۆی لەسەر کەس نەبووە و ڤیتۆی کەسیشی لەسەر خۆی قبووڵ نەکردووە و ناشیکات. ئێمە دەچین بە سیاسەتێکی نەرم لەگەڵ هەموویان دانوستاندن دەکەین، بزانین لیستە گەورەکان لەنێوان خۆیان گەیشتوونەتە چ بڕیارێک، بەهەرحاڵ ئێمەش بەشێکی گرنگین هەم وەکو کورد هەم وەکو پارتی، ئێمە یەکەمین حیزبین وەکو حیزبەکان بەپێی هەڵبژاردنەکان و کورسییەکان و دەنگەکانی ئێمە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیش لە ریزبەندی چوارەمین، بەهەرحاڵ بەبێ پارتیش ناکرێت، ئێمە دەچین ئەو موهیمە ئەنجامدەدەین، ئینشائەڵڵا ئەوەی خێری میللەتی ئێمەی تێدایە بە کورد و عێراقەوە ئەوە بەدەستبهێنین.
پرسیار: یەکەم لایەن لەگەڵ کێ کۆدەبنەوە، ئایا هەموو لایەنە براوەکان دەبینن؟
فازڵ میرانی: ئێمە هەموو لیستە براوەکان و نەبراوەکانیش دەبینین، چونکە وەکو گوتم سیاسەتی ئێمە ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە، بەس بە دیدی من، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئێمە لە بەغدا، ئەو خشتەی سەردانەکانی داناوە، بەپێی ئیستحقاق و عورفیش بێت، دەبێت یەکەمجار بەڕێز موقتەدا سەدر ببینین، پاشان ئاغای مالیکی و ئاغای عەبادی و ئاغای حەکیم دەبینین، هاوکات کاک ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی دەبینین، هەروەها برادەرانی محەممەد کەربولی، بەدڵنیاییەوە دەچینە خزمەتی ئاغای سەرۆککۆماریش، جەنابی دکتۆر فوئاد، ئەو برادەرانەی دیکەش کە دەریش نەچووینە وەکو ساڵح موتڵەگ و خەڵکی دیکە ئەوانیش دەبینین، ئەوەی بەدەستمان بکەوێت و ئامادەبێت کۆبوونەوەیان لەگەڵ بکەین، دەیانبینین.
پرسیار: تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانتان یان باسوخواسەکانتان لەگەڵ ئەوان چی دەبێت لە پێکهێنانی حکومەت و داوکانتان چی دەبێت لەو لایەنانە؟
فازڵ میرانی: لە راستیدا ئێمە مەقاسدمان هەیە، ئێمە بە شوێن مەقاسد کەوتووین، مەقاسدیش داواکانی خەڵکی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانەوە، کە مەبدەئی شەراکەتە، مەبدەئی تەوازونە، مەبدەئی تەوافوقە، ماددەی 140ـە، ئەمانە لای ئێمە گرنگن، ئەمە ماقسدی پێدەڵێن، بەڵام پۆستەکان جێدەهێڵین بۆ کۆبوونەوەی دیکە، ئەو لیستەی لەسەر ئەو شتانە لەگەڵی رێکبکەوین هەڵبەتە نزیکتر دەبێت بۆ ئێمە جا هەر کێیەک بێت.
پرسیار: چۆنبوو هەموو حیزبە کوردییەکان بە شاندێک نەچوونە بەغدا و پارتی دەستپێشخەری کرد و خۆی بە تەنیا رۆیشت؟
فازڵ میرانی: ئێمە دەستپێشخەری تاکلایەنەمان نەکردووە، بەڵکو ئێمە دەستپێشخەری پێکەوەچوونمان کردووە، چۆن لە پێش هەڵبژاردن گوتمان با پێکەوە بایکۆت بکەین، کەچی بە پیر داواکەی ئێمە نەهاتن، جەنابی سەرۆک گوتی باشە مادام وانابێت با هەموومان بە یەک لیست دابەزین، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە بە شەڕە پەڕۆ و ئەو دەرئەنجامانەی ئەمڕۆ کە هەندێک رازین و هەندێکی دیکە ناڕازین، تووشی ئەوەش نەدەبووین، ئێستاش پێش هەفتەیەک جەنابی سەرۆک دوای هەڵبژاردن دیسان پەیامێکی داوە بەو برادەرانەی خۆمان، گۆڕانە، یەکگرتووە، کۆمەڵە، برادەرانی یەکێتییە، هەر هەموویان وەرن با پێکەوە دابنیشین، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردن روویدا.. روویدا، کێبڕکێ لەنێوانماندا هەبووە، جاری وا گەرمی کێبڕکێیەکە لە هێڵی نامەعقوڵیش دەرباز بووە، بەنسبەت لەفز و شەڕە پەڕۆ، بەڵام ئەوە تەواو بوو، ئێستا قۆناخێکی تازە هاتووەتە پێشەوە، قۆناخی چۆنییەتی مامەڵەی ئێمە لەگەڵ بەغدا وەکو میللەتێک و وەکو قەوارەیەک، بەڵام لەڕاستیدا کەسیان بەدەم ئەو داوایەوە نەهاتن، کۆبوونەوەیەکی بچووک کرابوو لەنێوان هەندێک برادەرانی یەکێتی و جەنابی کاک نێچیرڤان، جێگری سەرۆکی پارتیمان، بەڵام ئەمە نابێتە بەدیلی ئەوەی هەموومان وەکو جاران هاوپەیمانیی کوردستان بە شاندێکی هاوبەش هەم لەگەڵ جەنابی سەرۆک دەچوونەدەرەوە یان دەچوون بۆ بەغدا، یان لەگەڵ جەبانی کاک نێچیرڤان، یانیش هەر شاندی حیزبەکان خۆیان پێکەوە دەچوون وەکو یەک تیم، بەداخەوە ئەمە نەبوو، بەدڵنیاییەوە ئەمە زەرەری دەستەجەمعیشی هەیە وەکو میللەتێک لە ئێمە دەکەوێت، هەر تاکێک لە ئێمەی خەڵکی کوردستان بەشێک لەو زەرەرەمان بەردەکەوێت.
پرسیار: چاوەڕێ دەکەن ئەو سەردانە سەردانی دیکەی گەورەتر و شاندی گەورەتری بەدوادابێت، ئەوان بێن و ئێوە بڕۆنەوە؟
فازڵ میرانی: ئەوەی دەبینین، ئەو هەویرە ئاوی زۆر دەوێت، بێگومان لە بەرژەوەندی عێراق نییە پێکهێنانی حکومەت و دامەزراوەکان دوابکەوێت، بەڵام ئەو تووندی کێبڕکێیەی ئێمە دیبینین لەنێوانی لیستە براوەکان و ئەو ئارەزووەی هەیە لەنێوان ئەم و ئەم و ئەم بۆ ئەوەی پۆستەکان دیاربکرێت، دەگەنە رێککەوتنێک، بەڵام وابەزووییش نا، بۆیە ئەمە سەردانی یەکەممان دەبێت، دڵنیام دوا سەردان نابێت، چونکە لە کۆتایی ئەو رێککەوتنانەی واژۆیان لەسەر دەکرێت، دەبێت ئێمە بەشێوەیەکی دیکە ئامادەبین، جا جەنابی سەرۆک بێت یان جێگری سەرۆکی پارتیمان بێت یانیش دەستەیەکی دیکە بێت، بە رای من ئەوانیش دێنە ئێرە، هەمیشە هەولێر زەمینە خۆشکەر بووە و رێککەوتنیش کراوە لە قۆناخەکانی پێش ئێستا.
پرسیار: تا ئێستا دیارە پارتی پشتگیری لە چ لایەنێک دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، یان ئەوە دەوەستێتە سەر دانوستاندن و بەرنامەی کاری ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت ببنە سەرۆکوەزیران؟
فازڵ میرانی: ئێمە حاڵی حازر پشتگیری لە هیچ کەسێک ناکەین و پەلەشمان نییە، ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین کە داخوازییەکانی ئێمە قبووڵ بکات و میکانیزمێکیش دابنرێت بە ئەو قبوڵکردنە، چونکە لە هەولێر رێککەوتنمان لەگەڵ ئاغای مالیکی کرد، پاشان ئاوەکەشمان نەخواردەوە، هەروا بووە کاغەز و حوبر، بۆیە ئێمە لەگەڵ رێککەوتن داوای میکانیزم دەکەین، یەکەمین میکانزمیش بە دیدی ئێمە وەکو کورد و وەکو عێراقیش دەبێت ئەنجوومەنی فیدراڵی دروستبکرێت، ئەنجوومەنی فیدراڵی دەبێتە مەرجەعێک بۆ هەر میکانزمێک، پێمانباشە وەکو پێشنیازێکیش شەریکەکانی ئێمەش لە حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ ئێمە یان لەدوای ئێمە بە تەنیا دەچن، ئێمە داوای ئەوە بکەین میکانزمێک هەبێت لە پێکهاتە سیاسییەکان بۆ ئەو رێککەوتنەی ئێمە دەیکەین، بڕیارەکانی مولزەم بێت و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی هەبێت، هەروەکو لە ساڵی 70 لەگەڵ حکومەتی عێراق لیژنەی سەلام-مان هەبوو، بڕیارەکانی لیژنەی سەلام خەڵکی ئێمەی تێدابوو لەوانە شەهید سامی عەبدولڕەحمان، خوالێخۆشبوو شەهید نافز جەلال عەزیز شەریف، قوەتی بڕیارەکانی ئەو لیژنەیە قوەتی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی هەبوو، بۆیە کە کێشەیەک دەبوو لە شوێنێک ئەو لیژنەیە دەچوو بۆ ئەوێ و بڕیاری دەردەکرد، ئەو بڕیارە پەیوەندی بە وەزیری ناوخۆ یان بەرگری و هەر دەزگایەک هەبووایە، دەبوو جێبەجێبکرێت، ئێمە پێمانباشە بۆ ئەوەی چیتر کێشەکان نەخەوێنن لەنێوان ئێمە و عێراقدا، هاوکات بۆ ئیجتهادی ئەو وەزیر و ئەو وەزیرە یان ئەو حیزب و ئەو حیزبە نەمێنێتەوە، میکانزمێک هەبێت، ئەو میکانزمە دەستاودەست گفتوگۆ بکات بەشێوەیەکی مەیدانی بڕیاری لەبارەوە بدات، ئەو بڕیارەش قابیلی جێبەجێکردن بێت لەلایەن دامەزراوەی جێبەجێکردنەوە.
پرسیار: دیدار و کۆبوونەوەکان لەنێوان لیستە براوەکان لە بەغدا بە چڕوپڕی دەبینرێن، بەڵام لە کوردستان باس لەوە دەکرێت هەندێک حیزب دەڵێن بایکۆتی پرۆسەی سیاسی دەکەین لە عێراق، هەروەها لە کوردستان ئەو یەکدەنگییە نییە، ئایا پێتانوانییە ئەمە زەرەر لە کورد دەدات؟
فازڵ میرانی: زەرەرەکە لەوە دەستیپێکرد نە هەموومان پێکەوە بایکۆتمان کرد وەکو فشارێک لەسەر عێراق، کە بە دیدی ئێمە زۆر کاریگەری دەبوو، چونکە عێراق لەسەر سێ کوچکەیە، ئەویش کورد و سوننە و شیعەیە، هەمیش داوامانکرد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین، ئەوەش نەکرا، ئێستاش بە رای من هەموومان لەو کێشمە کێشمەی هەڵبژاردن و پەڕۆ و تانەلێدان لەیەکدی و بریندارکردنی یەکدی و شکاندنی کەسایەتییەکانی یەکدی، چ وەکو تاک چ وەکو حیزبەکان، هەتا کەی ئەمە بەردەوامبێت؟ وا بڕوات میللەتی ئێمە چیدی لە ئێمە قبووڵ ناکات، جا هەرکێیەک بێت، ئیدت با بەس بێت جارێکی دیکە بە یەکەوە دابنیشین، ئەوەی کورسییەکی هەیە هێزێک بەوە دەدات کە 20 کورسی هەیە، ئەوە 20 کورسی هەیە هێزێک دەدات بەوەی 2 کورسی هەیە، ئەگەر ئەمانە هەموویان بەیەوەکەوە بن هێزێکی دیکەیان لێدەردەچێت.
رووداو
