شاندێکی باڵای پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆ دەبێتەوە

 شاندێکی باڵای پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆ دەبێتەوە
شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ رێبەری رەوتی سەدر و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای عێراق کۆ دەبێتەوە.



بڕیارە رۆژی سێشەممە 22/5/2018، شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی هەریەکە لە خەسرۆ گۆران، ئومێد سەباح، شوان محەمەد و بەنگین رێکانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق بکات.



شاندەکە لەگەڵ ئەم سەرکردانەی عێراق کۆ دەبێتەوە؛



- موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون

- حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێرق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر

- نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا



- ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی

- ئوسامە نوجەیفی، سەرکردەیەکی سوننەی عێراق

- عەمار حەکیم، سەرۆکی حزبی تەیاری حیکمەی نیشتمانی



لە کۆبوونەوەکاندا، شاندەکەی پارتی تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی و گەرەنتیکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، دەکات.



لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانیی سائیرون پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و دوای ئەویش هاوپەیمانییەکانی نەسر، فەتحی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دەوڵەتی یاسا و پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.



رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.





باسنیوز
Top