لقی کۆمسیۆن لە كەركووك: نزیکەی دە ڕۆژە نەچووینەتە دەوام و هەڕەشەمان لەسەرە

 لقی کۆمسیۆن لە كەركووك: نزیکەی دە ڕۆژە نەچووینەتە دەوام و هەڕەشەمان لەسەرە
بەرپرسێكی لقی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە كەركووك، ڕای دەگەیەنێت، لە شەوی شەممە 12ی ئایاری ئەم مانگەوە بەهۆی ئەوەی هەڕەشەیان لەسەرە نەگەڕاونەتەوە بۆ دەوام.

عەبدولباست دەروێش، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی، لقی كەركووكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 21/5/2018، ڕايگەیاند: "ئێمە لە شەوی شەممە 12ی ئایاری 2018 ەوەكاتێك كە هێزێكی چەكدار هێرشی كردە سەر بارەگای لقی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە كەركووك، لەو كاتەوە دەوامان نەكردووە و نەگەڕاوینەتەوە بۆ سەر كارەكانمان چونكە هەڕەشەمان لەسەرە".

لەبارەی ئەو لایەنە توركمانی و عەرەبییانەی كە ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن لە كەركووك، بەرپرسەكەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان، گوتی: "ئەو لایەنانە لەسەر خۆپیشاندانەكانیان بەردەوامن و لەبەردەم ئەو شوێنەیە كە تەرخان كراوە بۆ كەرەستەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و سەندووقەكانی دەنگدان لە كەركووك".

لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەشێك لە لایەنە توركمانی و عەرەبەكانی كەركووك دەستیان كردووە بە خۆپیشاندان و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە كەركوك تەزویر كراوە و داوای دووبارە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەكەن.










باسنيوز
Top