گۆڕان: لایەنگرانمان داوای درووستکردنی ھێزی چەکداریمان لێ دەکەن
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای ھەڵەبجە، ڕايگەیاند: "ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر داوامان لێ دەکەن ھێزی چەکدار درووست بکەین، بەڵام ئێمە ھەمیشە دژی ھێزی چەکدار بووین، ھەروەھا ئێمە ھەوڵی ئەوەمان داوە ھێزەکانی ھەردوو حزبی دەسەڵات بکەینە ھێزێکی نیشتمانی، بۆیە ئێمە نامانەوێ ھاوشێوەی ئەوان ھێزمان ھەبێت".
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوونیشی کردەوە، ئەوانەی لەکاتی ھێرشەکەی سەر مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕاندا چەکیان پێ بووە، چەکی خۆیان بووە، بۆیە ”کاتێک حاڵەتێکی لەو شێوەیە دێتە پێشەوە، ئەوان بە چەکەکانیانەوە دێن و پارێزگاری لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن، بۆیە ئەو چەکانە چەکی شەخسین، ھەروەھا لە مەکۆی ھەڵەبجە بەشێکی لایەنگرەکانمان بە چەکەوە ھاتوون بۆ پاراستنی مەکۆکەمان".
بە گوتەی نزار مەحموود، گۆڕان هەموو ھەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لەڕێگەی خەباتی مەدەنییەوە کارەکانی خۆیان بکەن و نایانەوێ بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان دەست بۆ چەک ببەن. دەشڵێت: ”ئەو فیشەکانەی نراون بە وێنەکانی نەوشیروان مستەفاوە، قورسە لەبیرمان بچێتەوە، بەڵام ئێمە بە خەباتی مەدەنی چارەسەری ئەو کێشانە دەکەین، پێویستە بە گشتی بارودۆخەکە چارەسەر بکەین".
باسنيوز
