سامەرایی: جگە لە پارتی حزبە كوردییەكان وەك یەكێتی مەیلی بەغدایان هەیە
وەفیق سامەرایی بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراقی سەردەمی سەدام، كە بەتێوەگلان لە كارەساتی ئەنفال تۆمەتبارە و هاوڕێی مام جەلال بووە، لە نووسینێكدا ئاماژەی داوە كە جگە لەپارتی، حزبە كوردییەكانی تر وەكو یەكێتی مەیل و هەوای بەغدایان هەیە.
سامەرایی كە ڕاوێژكاری سەربازیی جەلال تاڵەبانی بووە، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك باسی لە قۆناخی دوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كردووە، رایگەیاندووە یەكێتی حزبێكە مەیل و هەوای بەغدای هەیە و ئەگەرچی دووەمی كوردستانە، بەڵام لە لایەنەكانی عێراق نزیكترە بۆ بەشداریكردنی لە حكوومەتی نوێ.
دەشڵێ پارتی بە ترسەوە دەچێتە پێش بۆ دانوستاندنەكان، ئەمەش بەهۆی قۆناخی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدای دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی، بەڵام یەكێتی و حزبە كوردییەكانیش تریش وەك یەكێتی، مەیل و هەوای بەغدایان هەیە.
لە پێش هەڵبژاردنەكاندا، سامەرایی پەسنی هەردوو ژنە پەرلەمانتارەكەی یەكێتی و گۆڕان دابوو، كە وازیان لە لیستی كوردی هێناوە و خۆیان لە لیستی عەرەبیدا كاندید كردووە، داوای لە خەڵكی عێراق كردبوو دەنگیان پێبدەن، چونكە ئەوان نوێنەرایەتی عێراقی عەرەبی دەكەن.
سامەرایی پێشتریش چەندین جار دووپاتی كردبووەوە كە پێویستە لێکتێگەیشتن لەگەڵ گەنجانی سلێمانی لە تیمی خیانەتی 16 ئۆكتۆبەری یەكێتی (پاڤڵ تاڵەبانی، ئاراس و لاهور جەنگی) و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بکرێت، بۆ گەرەنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق.
سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی عێراق بە ئاشکرا ئەوەشی باس كردبوو کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە كاتی خیانەتی رادەستكردنی كەركووك بە حەشدی شیعی و سوپای پاسداران، ناڕاستەوخۆ پشتیوانیان لە باڵی خیانەتكاری یەکێتی كربوو.
bas news-
