لێژنەی یاسایی پەرلەمان: کۆمەڵ و گۆڕان تەنیا بە قسە لەگەڵ پرۆژەی یاسای چاکسازین

 لێژنەی یاسایی پەرلەمان: کۆمەڵ و گۆڕان تەنیا بە قسە لەگەڵ پرۆژەی یاسای چاکسازین
ئەندامێکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی هەموو ئەندامانی لایەنەکانی دیکە لە لێژنەی یاسایی و دارایی لە لایەنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوانی دیکە ئاگادار کراونەتەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، کەسیان تا ئێستا ئامادە نین، ئەوان بە قسە لەگەڵ پرۆژە یاساکەن.


ڤەمان فەیسەڵ، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لێژنەکانی یاسایی و دارایی پەرلەمانەوە ڕایگەیاند: "بڕیار بوو کاتژمێر 10 کۆ ببنەو، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی، تا ئێستا کۆبوونەوە نەکراوە و ئێمەش تا کاتژمێر ٢ چاوەڕێ دەکەین، بۆ ئەوەی ئەندامەکان لە سلێمانی و دهۆک و شوێنەکانی دیکەوە بێن، هەرچەندە ئێمە بە تەلەفۆن و بە نامە ئەوانمان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام جگە لە پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی کەس لێرە نییە".


ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "هەریەکە لە گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوانی دیکە بە قسە لەگەڵ پرۆژە یاسای چاکسازین، ناکرێ بە قسە لەگەڵی بم و لە کۆبوونەوەی لێژنە ئامادە نەبم، سەرەڕای ئەوەی کە ئاگاداریش کراونەتەوە".


ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە: "ئەگەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لێژنەکان نەکرێ و ڕاپۆرت لەسەر پرۆژە یاساکە ئامادە نەکرێ، ئەوا کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە سبەی دووشەممە ئەنجام بدرێت، ئەو کۆبوونەوەیەش دوا دەکەوێت".










باسنیوز
Top