بۆ پێكهێنانى گه‌وره‌ترین كوتله‌ى په‌رله‌مانى سه‌در په‌نا ده‌باته‌ به‌ر سەركردایەتی كورد

 بۆ پێكهێنانى گه‌وره‌ترین كوتله‌ى په‌رله‌مانى سه‌در په‌نا ده‌باته‌ به‌ر سەركردایەتی  كورد
كاندیدێكى ده‌رچووى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ خولى نوێی په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستى (سائیروون) به‌سه‌ركردایه‌تی (موقته‌دا سه‌در) ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، پێكهێنانى هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ لیسته‌كه‌ى عه‌بادی و لیسته‌كه‌ى حه‌كیم، تائێستاش یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ و له‌گفتوگۆكانیان به‌رده‌وامن، هاوكات بۆ پێكهێنانى گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی، په‌نا بۆ كورد و سوننه‌ ده‌به‌ن.


قوسه‌ى یاسریی، كاندیدی سه‌ركه‌وتوو له‌سه‌ر لیستى سائیروون، ڕای گه‌یاند: "هاوپه‌یمانێتیمان له‌گه‌ڵ ڕه‌وته‌كه‌ى عه‌ممار حه‌كیم تائێستاش یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ و دیدار و گفتوگۆ به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ى له‌و باره‌یه‌وه‌ بگه‌ین به‌ ئه‌نجام".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه‌ ئیئتیلافی (نه‌سڕ) به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی و (ڕه‌وتى حیكمه‌) به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم، نزیكترن له‌ لیسته‌كانى تره‌وه‌ له‌ (سائیروون).


باسى له‌وه‌ش كرد، كه‌ ئه‌و كورسییانه‌ى (سائیروون) و (نه‌سڕ) و (حیكمه‌) به‌ده‌ستیان هێناوه‌، ئه‌و كوتله‌ په‌رله‌مانىیه‌ گه‌وره‌یه‌ دروست ناكات كه‌ بتوانێت به‌ته‌نها حكوومه‌ت پێكبهێنن، بۆیه‌: "ده‌بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نى تردا هاوپه‌یمانێتى پێكبهێنین".


ئاشكراشی كرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، په‌یوه‌ندیی به‌ لیسته‌ براوه‌كانى كورد و سوننه‌وه‌ ده‌كه‌ن. هاوكات به‌دووریشی زانى له‌گه‌ڵ لیسته‌كانى نوورى مالیكی (ده‌وڵه‌تى یاسا) و هادى عامری (فه‌تح)، ڕێكبكه‌ون.





باسنیوز
Top