خواردنەوەی چا توانای یادەوەری مێشک بەهێزدەکات

 خواردنەوەی چا توانای یادەوەری مێشک بەهێزدەکات
پزیشکانی ئەمریکی و چینی رایدەگەیێنن خواردنەوەی چا توانای یادەوەری مێشک بەهێزدەکات بەتایبەتیش کاتێك کەسەکە لە خەو هەڵدەستێت و لە بەیانیاندا یەکەم کاری بە خواردنەوەی پیاڵەیەک چا دەستپێدەکات.

پزیشکانی ئەمریکی و چینی لە توێژینەوەیەکی هاوبەشیاندا بۆیاندەرکەوتووە ئەو کەسانەی چا دەخۆنەوە بەتایبەتیش چای سەوز توانای یادەوەری و سەرنجدانییان باشترە، ئەگەری تووشبوونییان بە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە ( ئەڵزهایمەر) کەمترە.

د.فێنگ لی، پسپۆری نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار و سەرپەرشتیاری توێژینەوە هاوبەشەکە دەڵێت، چا یەکێکە لەو خواردنەوانەی خەڵک بە چەند شێوەیەکی جیاواز دەیخۆنەوە، بەپێی کەلتووری ناوچەکە ئامادەدەکرێت و چەند جۆرێکی هەیە. بەڵام روونیدەکاتەوە بە هەرجۆرێك بخورێتەوە، سوودە تەندروستییەکانی زۆرن و کاریگەری گرنگی لەسەر جەستە دەبن. لەم توێژینەوەش دەرکەوتووە هۆکارە بۆ باشترکردنی توانای یادەوەری.

پزیشكە نێودەوڵەتییەکان دوای دوو ساڵ لە بەدواداچوون، دەریانخستووە ئەوانەی چا دەخۆنەوە توانای یادەوەرییان بەرێژەی %86 باشترە ئەمەش چونکە چا دەوڵەمەندە بە دژەئۆکسێنەکان کە خانەکانی مێشک دەپارێزن.
rudaw -
Top