شاندی پارتی و پارتی فەرمانڕەوای پۆڵۆنیا، پرسگەلێكیان تاوتوو كرد
لە چوارچێوەی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وارشۆی پایتەخت و لە دواوێستگەی سەردانە فەرمییەكەی شاندی پارتی بۆ كۆماری پۆڵۆنیا كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە گرینگییەوە لە لایەن دەزگا و دامەزراوەكانی حكوومی و پەرلەمانی و حزبی و ناوەندەكانی توێژینەوە و شیكاری و دامەزراوەكانی ناحكوومی و تینك تانكەكانی ئەم وڵاتەوە پێشوازی كران، شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێك هاتووە لە هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەمیر عهبدوڵڵا جەرگیس، بەرپرسی دێسكی ئەورووپا، لە پەرلەمانی كۆماری پۆڵۆنیا لەلایەن پارتی ماف و دادپەروەری فەرمانڕەوای پۆڵۆنیاوە بە گەرمی پێشوازی كران.
پەرلەمانتاری پارتی ماف و دادپەروەری، پژێمێسواڤ چارنێتسكی، دۆستی بەهەڵوێستی كورد، شادمانیی خۆی و و پارتەكەی بە سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆماری پۆڵۆنیا و پەرلەمانی ئەم وڵاتە خستە ڕوو و ڕایگەیاند كە بە بایەخەوە دەڕواننە پرسی كورد و خەبات و قوربانییەكانی خەڵكی كوردستان و، هیواخوازن پەیوەندییەكانی نێوان گەل و كۆماری پۆڵۆنیا لەگەڵ گەلی كورد و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش لە نێوان هەردوو پارتی دۆست، بگاتە ئاستێكی بەرزتر كە هەردوو لا لە پێناویدا تێدەكۆشن.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، پژێمێسواڤ چارنێتسكی، پشتیوانیی خۆی و پارتی ماف و دادپەروەری فەرمانڕەوای پۆڵۆنیای گەیاندە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و ستاییشی خەبات و قوربانیدانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و تیكۆشان و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی بەرەو سەربەخۆیی كوردستان كە لە ٢٥ی سێپتەمبەری ساڵی ڕابردوو لە لایەن سەرۆك مەسعوود بارزانییەوە سەرۆكایەتی كرا، بە مافێكی ڕەوا و دەستكەوتێكی مەزنی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی خەڵكی هەرێمی كوردستان زانی، كە لە مێژووی خۆیاندا گەلی پۆڵۆنیا لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی و كۆتایهێنان بە ژێردەستەیی و داگیركاری وڵاتەكەیان، قوربانییەكی زۆریان بەخشیوە و هەر بۆیە لە داوا ڕەواكانی خەڵكی كوردستان تێدەگەن و هاوسۆزییەكی زۆریش لە وڵاتی پۆڵۆنیا بۆ پرسی كورد هەیە.
پارتی ماف و دادپەروەری پۆڵۆنیا، خاوەن زۆرینەی پەرلەمان و سەناتی ئەم وڵاتە یە و سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پارتی ناوبراو و چەندین پۆستی گرینگی تری حكوومی، بەر ئەم پارتە گەورەیە كەوتوون، هەروا لە نێو پەرلەمانی ئەورووپایشدا خاوەن ڕێژەیەكی بەرچاون لە نێو لیستی پەرلەمانتارانی وڵاتەكەیاندا.
هۆشیار سیوەیلی، سوپاس و ستاییشی پشتیوانی و هاوكارییەكانی گەل و حكوومەتی پۆڵۆنیای كرد و هیوای خواست كە بۆ ئاشنابوون بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان، شاندێكی پەرلەمانتارانی پارتی ماف و دادپەروەری فەرمانڕەوای پۆڵۆنیا، سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، بە تێروتەسەلی باس لە بارۆدۆخی عێراقی دوای داعش و كوردستانی دوای ڕێفراندۆم كرا و، سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بارۆدۆخی هەرێم و ئێستا و ئاییندەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، خرانە بەرباسەوە.
لە درێژەی ئەو دیدارەدا، سیوەیلی داوای لە پارتی ماف و ئازادییەكان كرد كە لە پەرلەمانی وڵاتەكەیان و لە یەكێتیی ئەورووپا، پشتیوانی لە مافە ڕەواكانی هەرێمی كوردستان بكەن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا كە هاوكات كۆماری پۆڵۆنیا ئەندامێكی چالاكی ناتۆیە و ئەمساڵ كۆماری پۆڵۆنیا بۆ ماوەی دوو ساڵ وەك ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستنیشان كراوە.
لەلایەكی ترەوە، شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە باڵاخانەی فەرمانگەی ئاساییشی نەتەوەیی پۆڵۆنیا، لە لایەن پاڤێو پیەتژاك، جێكری سەرۆك و خاتوو ناتالیا هاۆێك لە دەزگای ناوبراو بۆ لێكۆڵینەوە لە ئاساییش و سەقامگیریی پرسی سیاسی و ستراتیژی، پێشوازییان لێ كرا.
لە دیدارێكدا، ئاساییش و ئارامیی هەرێمی كوردستان، ڕەهەندەكانی گۆڕانكاری لە عێراق و كوردستان لە دوای تێكشكاندنی داعش و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ئێستا و ئاییندەی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و پشتیوانیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە كوردستان، خرانە ڕوو.
kdp -
