یەکێتی گومانی ساختەکاریکردن لە گۆڕان دەکا
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: "یەکێتی ھیچ ساختەکارییەکی لە سیستەمی دەنگدانی ئەلکترۆنیدا نەکردووە، بەڵام ئەو لایەنە سیاسییانەی کە بەھۆی ھەڵبژاردنەکانەوە شکستیان ھێناوە، ئەگەر خۆیان دەنگێکی زۆریان بھێنانەیە، یان ئێمە داوای ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردنەکانمان بکردایە، ئەوکاتە شەڕیان لەدژی ئێمە دەکرد، بۆیە ھەڵبژاردن کراوە و بەپێی یاساکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەڵبژاردن ھەڵناوەشێتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمیسۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان یاخود دادگای عێراق، سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ھەر بڕیارێک دەربکات، ئێمە پابەندی ئەو بڕیارە دەبین، بەڵام خەڵکی دیکە ھەرچۆن قسە بکات، ئێمە گوێی بۆ ناگرین".
ئەو بەپرسەی یەکێتی گوتی: ”گۆڕان خۆی بە دۆڕاوی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەزانێت، بۆیە بەردەوام تۆمەتەکانی بۆ سەر یەکێتی چڕ دەکاتەوە، ھەرچەندە ئەوان باسی دیموکراسی دەکەن، ئەگەر خۆیان لە پێشەوە نەبن، ھیچ شتێکیان قەبوڵ نییە، بێگومان ئەمەش پێی ناوترێت دیموکراسی".
ئاماژەی بەوەش دا: "ڕەنگە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا بزووتنەوەی گۆڕان ساختەکاریی کردبێت، بۆیە ئەو ھەموو دەنگەی ھێناوە، چونکە پێشتر ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی، لە ٧٦% دەنگی داوە، بەڵام ئەمجارە ھاووڵاتییان لە ٥٦% دەنگیان داوە، بۆیە ڕەنگە ئەو لە ٢٦%ەی دەنگی ساختەکاری بێت، یان بە شێوەیەک لە شێوەکان کارتی دەنگدان خراوەتە ناو سندووقەکانەوە، بەڵام ئەمجارە دەرکەوت ساختەکاری نەکراوە، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان دەنگێکی کەمی ھێناوە، ھەروەھا بزووتنەوەی گۆڕان ئاگایان لە خۆیان نەماوە، ڕەنگە نەزانن خەڵکی لێیان کشاونەتەوە، بۆیە دەنگەکانیان کەمی کردووە".
ئەحمەد قەدەفەری، باسی لەوەش کرد: "بەپێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، پارتی دیموکراتی کوردستان ھێزی یەکەمە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ھێزی دووەم دانراوە. بێگومان ئەگەر ساختەکاریمان بکردایە، یان ئامێرەکانی دەنگدانمان ھاک بکردایە، ڕێگەمان بەوە نەدەدا پارتی ھێزی یەکەم بێت، بەڵکوو ھێزی دووەم نەدەبووین و خۆمان دەکرە ھێزی یەکەم".
باسنيوز
