تەندروستیی ھەولێر ھاووڵاتییان لە نەبوونی نەخۆشیی ئیبۆلا دڵنیا دەکاتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/5/2018، سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ھەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "وەڵامی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیمان بەدەست گەیشت و پێیان ڕاگەیاندین، کە ھیچ حاڵەتێکی نەخۆشیی ئیۆلا نییە، ھەر چەندە ئێمەش دڵنیا بووین کە ئەو نەخۆشییە نییە".
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ھەولێر سەبارەت بە دەنگۆکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە دا: "پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو ئەو ستافەی کاریان کردووە، بە سوپاسەوە خۆیشیان پاراستووە، بەڵام بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بووە ھۆی دروستبوونی فۆبیایەک، کە چەندین پەیوەندیمان لەو بارەیەوە پێوە کراوە".
دەشڵێت: "لە مێژووی عێراقدا نەخۆشیی ئیبۆلا تۆمار نەکراوە، ئێستا لە وڵاتانی دراوسێش نییە، سەرچاوەی ئەو نەخۆشییەش ڤایرۆسێکە لە ئاژەڵانەوە دەگوازرێتەوە".
سامان بەرزنجی ھاووڵاتییانیش دڵنیا دەکاتەوە لەوەی کە تووشی دڵەڕاوکێ نەبن و باسی لەوە کرد، کە ھیچ نەخۆشییەکی گوێزراوەی مەترسیدار لە ھەرێمی کوردستان سەریھەڵنەداوە، بە تایبەت لە پارێزگای ھەولێر.
باسنیوز
