پسپۆرێکی زانستە سیاسییەکان: پۆستی سەرۆکوەزیران مافی کوتلەی سەدرە
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر دوو بنەما دەبێت، ھەم یاسایی و ھەم سیاسی. ڕووە یاساییەکەی ئەوەیە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرۆککۆمار لە ماوەی پازدە ڕۆژدا داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات و سەرۆک و جێگرانی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێن، دواتر لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا پەرلەمان سەرۆککۆمار ھەڵدەبژێرێت و بە ھەمان شێوە لە ماوەی پازدە ڕۆژدا دوای ڕاسپاردنی لە چوارچێوەی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراقدا کوتلەی زۆرینە ڕادەستپێردرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت."
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان ڕوونی کردەوە: "زۆرینەی ئێستای پەرلەمانی عێراق کوتلەی موقتەدا سەدرە و بە گوێرەی دەستووریش ئەوان مافی پێکھێنانی حکوومەتیان ھەیە، بەڵام دەتوانرێت کوتلەیەکی دیکەی گەورەتر دروست بکرێت، ھاوشێوەی خولەکانی ڕابردوو شیعە ھاوپەیمانیان پێک ھێنا و نەیانھێشت ئەیاد عەلاوی ببێتە سەرۆکوەزیران، من ئەوە بەدوور دەزانم کە ئەم جارە بگەنە ڕێککەوتن، چونکە ئەگەر کوتلە شیعەکان یەک بگرن بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانی و سەدر وەلا بنێن، ئەوە ئەستەمە ڕێگری لە کۆتلەی سەدر بکرێت پۆستی سەرۆکوەزیرانی پێ نەدرێت."
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر گوتی: "لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق ڕێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتیان لە ٤٤%ی دەرباز نەکردووە، تەنانەت لە ھەندێ پارێزگا نەگەیشتووەتە ٤٠%یش، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە حکوومەتی داھاتووی عێراق پشتگیریی میللی نابێت و جەماوەری عێراق لەگەڵ دەستەڵاتدا نین، چونکە ڕێژەی بەشداریکردن ئەگەر نەگەیشتە ٥٠%، ئەوە زۆر شەرعیەتی نابێت، دەرکەوت ھاووڵاتیان بێزارن لە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق، لەبەر ئەوەش، دەنگیان بە کیانی سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدر داوە، ئەوەش وا دەکات دوورخستنەوەی سەدر لە حکوومەت ببێتە ھۆی ناسەقامگیریی عێراق و لاوازیی حکوومەت."
kdp-
